بڕینی قژی کچێکی منداڵ بە بیانووی خۆدانەپۆشینەوە، لە قوتابخانەیەکی ئابادان

21:12 - 22 بانەمەڕ 2718
ئاژانس کوردپا: لە خوێندنگەی بنەڕەتیی گوڵستانی شاری ئابادان قژی کچێکی قوتابی، لە لایەن جێگری بەشی فێرکارییەوە بە دوێرد بڕدرایەوە و ئەمەش ناڕەزایەتیی کەسوکاری ئەم منداڵەی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی ١٦ی بانەمەڕ، قژی قوتابییەک بە ناوی نێرگس لە لای بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکەوە بڕدراوەتەوە و ئەمەش کاردانەوەی چالاکانی ئەو شارە و کەوسوکاری ئەو قوتابییەی بە دواوە بووە.

جێگری قوتابخانەی گوڵستانی ئابادان، سەبارەت بە پاساوی ئەو کردەوە بە نێرگزی وتووە: کە \"ئەم قوتابخانەیە پیاوی تێدایە و دەرکەوتنی قژی تۆ دەبێتە هۆی ورووژاندنی باری جنسیی ئەوان\".

نێرگس کە پێشینەی نەخۆشیی ئاسمی هەبووە، دوای ئەم ڕووداوە تووشی تێکچوونی هەستەدەمار (عصب) بووە و بۆ ناوەندی فریاکەوتنی نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

لە دوای ئەم ڕووداوە، بنەماڵەی ئەم قوتابییە سکاڵایان بە دژی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەی گوڵستان تۆمار کردووە و فەرمانداری ئابادان بڕیاری تایبەتی بۆ بەدواداچوونی ئەم دۆسییە دەرکردووە.

بیاڤی مافی منداڵان لە ئێراندا، لەبەر نەبوونی بەستێنێکی حقووقی و یاسایی هێشتا لە پەراوێزدایە و ئەمەش وای کردووە کە توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان لە قوتابخانەکاندا بەردەوام بێت.