کوژران و برینداربوونی ٥٠٧ کۆڵبەر لە ساڵی ١٤٠٢

23:48 - 15 خاکەلێوه 2724

لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاویدا بەگشتی ٥٠٧ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێران کوژراون و بریندار کراون. زیاتر لە ٨١٪ی ئەم کۆڵبەرانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار کراون. هەروەها ٢٨ کەس لەم کۆڵبەرانە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سڵی ١٤٠٢دا، بەگشتی ٥٠٧ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێراندا کوژراون و بریندار کراون. (٤٤ کەس کوژراو، ٤٦٣ کەس بریندار)

ئەم ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتە تۆمارکراوەکان لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و ڕەنگە ئاماری ڕاستەقینە لەم ڕێژەیەش زیاتر بێت.

ئامارێکی گشتی؛

٢٨ کەس لەو کۆڵبەرانەی کە کوژراون و بریندار کراون تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

٨١٪ی ئەم کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون  و بریندار کراون.

لە نێوان ٤٤ کۆڵبەرێکدا کە کوژراون، ٣٢ کەسیان بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و کەسێکیان تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

زۆرترین ڕێژەی تەقە لە کۆڵبەران لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە ڕووی داوە.

پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان زیاترین ڕێژەی کۆڵبەریان هەبووە.

شێوازی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران؛

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ئێران: ٤١٥ حاڵەت

بەربوونەوە لە بەرزایی: ١٥ حاڵەت

تەقینەوەی مین: ٧ حاڵەت

لێدان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە: ٢٧ حاڵەت

لێدان و تەقەکردن لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە: ٤ حاڵەت

تەقەی پاسەوانانی سنووری عێراق: ٣ حاڵەت

لێدان و تاشینی سەر لەلایەن پاسەوانانی سنووری عێراق: ١١ حاڵەت

سەرمابردوویی و گیرۆدەبوون لە بەفر و بۆران: ٢ حاڵەت

وەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا: ٢ حاڵەت

کەوتنە نێو ڕووبار لە کاتی کۆڵبەریدا: ٢ حاڵەت

ژێرەوەکردنی بەئەنقەست بە ماشینی نیزامی: ١ حاڵەت

برینداربوون لە ئاکامی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان: ٤ حاڵەت

ڕووداوی هاتوچۆ لە کاتی ڕۆیشتن بۆ کۆڵبەری: ١٤ حاڵەت

شوناسی کۆڵبەرە کوژراوەکان:

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی: ١ـ مێهدی ڕەحمەتی خەڵکی سەقز، ٢ـ هوشیار حەسەنپوور خەڵكی بانە، ٣ـ وریا شەریفی خەڵکی بانە، ٤ـ حوسێن تۆفێقزادە خەڵکی سەقز، ٥ـ مێهران ئەحمەدی خەڵکی بانە، ٦ـ ئاسۆ کەریمی خەڵکی پاوە، ٧ـ ئەرسەلان ڕەسووڵی خەڵکی سەردەشت، ٨ـ حامید فەرەجپوور خەڵكی سەقز، ٩ـ محەممەد خالیدی خەڵکی بانە، ١٠ـ فەرید وەتەنی‌ڕەسووڵ خەڵکی مەریوان، ١١ـ موحسن عەبدوڵڵاهی خەڵکی بانە، ١٢ـ ئازاد ستارپەنا خەڵكی سەقز، ١٣ـ یادگار ڕەحیمی خەڵکی بانە، ١٤ـ جەلال حەیدەریان خەڵکی دیواندەرە، ١٥ـ ئەسعەد حەسەنپوور خەڵکی سەقز، ١٦ـ حەبیب ڕەزایی خەڵکی جوانڕۆ، ١٧ـ فارووق عەلیزادە (تەەمەن ١٧ ساڵ) خەڵکی سەردەشت، ١٨ـ یاوەر وەیسی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، ١٩ـ ئەهوەن دەشتی خەڵکی بانە، ٢٠ـ عەلی قادری خەڵکی مەریوان، ٢١ـ ئەحمەد سادقی خەڵکی سەقز، ٢٢ـ شۆڕش خەرگووشی خەڵکی سەڵماس، ٢٣ـ میرزا ئەحمەدی خەڵکی بانە، ٢٤ـ سادق میرزایی خەڵکی جوانڕۆ، ٢٥ـ هوشیار مەحموودی خەڵکی پاوە، ٢٦ـ مەنسوور محەممەدنژاد خەڵی سەقز، ٢٧ـ جەبار وەیسی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، ٢٨ـ سەیوان سەحیحی خەڵکی بانە، ٢٩ـ جەعفەر فەرەجی خەڵکی سەقز، ٣٠ـ عەلی زەرغانی دانیشتووی سەقز، ٣١ـ محەممەد گەنجە خەڵکی پیرانشار، ٣٢ـ عەتا حوسێنی خەڵكی پاوە

بەربوونەوە لە بەرزایی: ١ـ حوسێن خاڵە خەڵكی سەردەشت، ٢ـ قەسیم کەریمی خەڵکی ورمێ، ٣ـ ڕەحیم محەممەدزادە خەڵكی سەردەشت

سەرمابردوویی: ١ـ ڕەحمان مەعرووفی خەڵكی پیرانشار، ٢ـ فەرید ڕووبینا خەڵكی مەریوان

وەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەریدا: ١ـ ئەفشین فەلاحی سەقز، ٢ـ مێهدی ڕەحمەتی خەڵکی سەقز

ژێرەوەکردنی بەئەنقەست بە ماشینی نیزامی: محەممەدلەتیف ئەحمەدپوور خەڵکی بانە

مەرگ بە هۆی ڕوووداوی هاتوچۆ لە کاتی کۆڵبەریدا: ١ـ ڕەسووڵ گاگەشی خەڵکی سەردەشت، ٢ـ سەیوان باتر خەڵکی مەریوان

ڕێژەی کۆڵبەرانی کوژراو و بریندارکراو بە جیاکردنەوەی پارێزگاکان؛

لە کۆی گشتیی ٥٠٧ کۆڵبەر، شار و شوێنی ژیانی ٤٦٢ کۆڵبەر بۆ کوردپا ڕوون بووەتەوە کە بە جیاکردنەوەی پارێزگاکان بەم شێوەیە:

کرماشان؛ ٢٣٣ حاڵەت، کە جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی زیاترین ڕێژەی کۆڵبەریان هەبووە.

سنە؛ ١٧١ حاڵەت کە شارەکانی سەقز و بانە زیاترین ڕێژەی کۆڵبەریان هەبووە.

ورمێ؛ ٥٨ حاڵەت کە شارەکانی سەردەشت و بۆکان، زیاترین ڕێژەی کۆڵبەریان هەبووە.

ئەو سنوورانەی کە زیاترین ڕێژەی کوژرانی کۆڵبەریان هەبووە:

ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود لە پارێزگای کرماشان و بانە لە پارێزگای سنە بە ٤١٩ حاڵەت، زیاترین ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی بۆ خۆی تەخان کردووە.

لە هۆکارەکانی زۆربوونی ڕێژەی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لەم ناوچە سنوورییانە، کراوەبوونی ئە سنوورانە بۆ هاتوچۆی کۆڵبەرانە. هەروەها بە هۆی بەستراوبوونی باقی سنوورەکان و مێلیتاریزەکرانیان کۆڵبەران لە شارەکانی دیکە و ناوچەکانەوە بەمەبەستی کۆڵبەری دەچنە ئەم دوو ناوچە سنوورییە.

بەرزبوونەوەی ئاماری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠١؛

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپاوە لە ساڵی ١٤٠١دا بەگشتی ٢٢٥ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێران کوژراون و بریندار کراون. (٢٩ کەس کوژراو و ١٩٦ کەس بریندار)

بە هەژمارکردنی ئەم ئامارە، لە ساڵی ١٤٠٢دا ئاماری کوژرانی کۆڵبەران بە ڕێژەی ٤٣٪ و ئاماری برینداربوونی کۆڵبەران بە ڕێژەی ٨١٪ بەرز بووەتەوە.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە