نیگەرانیی دایکی کەیوان ڕەشۆزادە لە دۆخی کوڕەکەی لە یازدەهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا

21:16 - 10 بانەمەڕ 2724

دوابەدوای لێدان و توندوتیژیی گاردی تایبەت دژی کەیوان ڕەشۆزادە، بەندکراوی سیاسیی سزادراو بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و ڕاگواستنی بۆ ژووری تاکەکەسی و مانگرتنی ناوبراو لە خواردن لە ماوەی ١١ڕۆژی ڕابردوودا، ئێستا دایکی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی سەبارەت بە دۆخی ناوبراو و گرینگینەدانی بەرپرسان نیگەرانیی دەربڕیوە.

نازدار ڕوودساز، دایکی کەیوان ڕەشۆزادە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی وێڕای ئاماژە بە لێدان و توندوتیژی بەرانبەر بە کوڕەکەی لەلایەن بەرپرسان و گاردی تایبەتی بەندیخانەی ورمێوە بە دەست و لاقی بەستراو، سەبارەت بە مانگرتنی کوڕەکەی لە خواردن و دۆخی تەندروستیی ناوبراو، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

نازدار ڕوودساز لەم پەیامە ڤیدیۆییەدا لەکاتێکدا کە منداڵی بچووکی کەیوانی لە باوەش گرتووە دەڵێ: من دایکی کەیوان ڕەشۆزادەم. ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەر کوڕەکەمدا سەپاندوووە و ئێستا ٥ ساڵ لەم سزایە تێدەپەرێ، بەڵام کەسێک سەرنجی دۆخی ناوبراو نادات. چوومەتە لای دادوەری چاوەدێر، هیچ گرینگییەی نادا. چوومەتە ئیتلاعات و دەڵێن ئێمە زانیاریمان نییە و لەمبارەوە دەستێوەردان ناکەین. بەرپرسی بەندیخانە و دادوەری چاوەدێر ئاگادارن. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کوڕەکەم بەدواداچوونی بۆ دۆخی خۆی کردووە بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە لێیان داوە. دواتر گاردی تایبەتی بەندیخانەش بە دەست  و لاقی بەستراو لێێان داوە و مل  و دەست و سەری کوڕەکەیان شکاندووم. لەو کاتەوە نان و ئاو ناخوا، باوکی کەیوان نەخۆشە، کەیوانیش لە بەندیخانەیە و دایکی ئەم منداڵەش نەخۆشە و کەس نییە سەرپەرستیمان بکات. ئێمە بێتاوانین و کەسێک ئازارەکانمان نابینێ، نازانین دەبێ چی بکەین."

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، پاش هێرشی گاردی تایبەتی بەندیخانەی ورمێ بۆ سەر بەندی بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی، لێی درا و بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرا. دواتر بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە و لەلایەن گاردی تایبەتەوە بە باتوم ئەشکەنجە درا.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣، لە دەیەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیدا، لە ژووری تاکەکەسییەوە بۆ بەندی ئەمنی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا و ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی بانەمەڕ پاش ڕاگەیاندنی مانگرتنی دووبارە دیسانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گەڕێندرایەوە.

بەپێێ ئاخرین زانیارییەکان، "پەیمان خانرادە" بەرپرسی بەندیخانەکە ناوبراوی لە دەسپێڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی دوابەدوای لێدانی لەلایەن گاردی تایبەتەوە، بێبەری کردووە. هەروەها وڵامی داواکاریی بنەماڵەی بۆ چاوپێکەوتن و پێوەندی تلفۆنی لەگەڵ کوڕەکەیان ڕەت کردووەتەوە.

لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا داواکاریی ئازادیی مەرجداری ئەم بەندکراوە سیاسییە بە بێ وڵام ماوەتەوە. کەیوان ڕەشۆزادە لە کاتی دەسبەسەرکرانیەوە لە ڕەزبەری ١٣٩٨ـەوە هەتا ئێستا تەنیا یەک جار و لە ساڵی ١٤٠٢دا بۆ چەند ڕۆژ هاتووەتە مورەخەسی، بەڵام لەو کاتەوە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لەگەڵ داواکارییەکەی بۆ نێردرانی بۆ مورەخەسی و ئازادیی مەرجدار دژایەتی کراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتریش بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندیخانەی ورمێ و دژایەتیی بەرپرسان لەگەڵ مورەخەسییەکەی، مانی لە خواردن گرتبوو.

ناوبراو سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٩ لەگەڵ ئومید سەعیدی و کامران قاسمی بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ناڕوونیی دۆخی خۆیان، گوشارەکانی نووسینگەی تایبەت بە ئیتلاعات و لەبەرچاونەگرتنی یاسایی جیاکردنەوەی سزاکان لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ ماوەی یەک حەفتە مانی لە خواردن گرت.

هەروەها جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە ڕێگریکردنی بەرپرسانی بەندیخانە و ئیتلاعاتی ورمێ لە وەرگرتنی مورەخەسییەکەی، بە دوورینەوەی لێوەکانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

کەیوان ڕەشۆزادە، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئومید سەعیدی، عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، کامران قاسمی و نایب حاجیپوور لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزران.

ئەم ٥ بەندکراوە سیاسییە پاش یەک ساڵ ناڕوونیی چارەنووسیان لە بەندیخانەی ورمێ، سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٩ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران سزا درا. دواتر سزای ناوبراو بە جێبەجێکردنی ماددەی ٤٤٢ بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری کەم کرایەوە.

کەیوان ڕەشۆزادە، کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی "سیناوا" سەر بە ناوچەی سۆما برادۆست و دانیشتووی شارەکی ئیسلام ئابادی ورمێیە.