توندوتیژیی خێزانی و گرینگینەدانی بێهزیستی، خۆکوژیی نیلووفەر شامحەممەدنژاد، کچی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی سنەی لێ کەوتەوە

21:36 - 10 بانەمەڕ 2724

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ بە ناوی "نیلووفەر شامحەممەدنژاد"، خەڵكی سنە، لە ئاکامی توندوتیژیی خێزانی لە درێژەی ساڵانی ڕابردوودا و گرینگینەدانی یاسا و بێهزیستی بە دۆخی ناوبراو، بە پەنا بردن بۆ خۆکوژی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، شەوی پێنجشەممە، ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣، نیلووفەر شامحەممەدنژاد لە ڕێگەی خواردنی ڕێژەیەکی زۆری حەب (٦٠ هەتا ٧٠ حەب)، لە ماڵەکەی خۆیدا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ناوبراو چەندین جاری دیکەش هەوڵی خۆکوژیی دابوو.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ نیلووفەری ٢١ ساڵە هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی خوێندوویەتی. ناوبراو تەنیا منداڵی بنەماڵەکەی بووە کە دایک و باوکی کاتێک منداڵ بووە لە یەکتر جودا بوونەتەوە و بە هۆیەوە کە باوکی لە سپاردنی سەرپەرستییەکەی بە دایکی خۆی بواردووە، نیلووفەر لای باوکی ژیاوە. نیلووفەر بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو لەلایەن باوکییەوە توندوتییژیی بەرانبەر کراوە و کاتێ کە چەند کەس ویستوویانە نیلووفەر بخەنە ژێر چاوەدێریی بێهزیستییەوە، بێهزیستی بە بیانووی "دژواربوونی وەرگرتنی سەرپەرستی لە باوک"، هیچ بەرپرسایەتییەکی سەبارەت بەم کچە لە ئەستۆ نەگرتووە و تەنانەت بۆ ئەوەی کە خێرخوازێک سەرپەرستییەکەی لە ئەستۆ بگرێت هیچ هەوڵێکیان نەداوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە دۆخی ئەم کچە لە ساڵانی ڕابردوودا دەڵێ: لە منداڵییەوە هەتا لاوەتی بە هۆی ترس و توندوتیژیی زۆرەوە کە بەرانبەری کرابوو، تووشی کیشەی دڵ ببوو و لە ڕێگەی خواردنی ڕێژەیەکی زۆری حەبی تایبەت بە نەخۆشییەکەیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بنەماڵەی باوکیی ئەم کچە لەوانە "باوک و مام"ی پێوەندییەکی باشیان لەگەڵی نەبوو و ئیزنیشیان پێ نەدەدا کە لەگەڵ دایکی لە پێوەندیدا بێ؛ لەلایەکی ترەوە جگە لە توندوتیژیی زۆر، لە هەموو ئیمکانات و ئاسایشی ژیانێکی ئاسایی بێبەری کرابوو.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، نیلووفەر خۆی وەکوو بەندکراوێک دەبینی کە لە قەفەزدایە. ناوبراو دەڵێ، ئەم کچە بەردەوام لەژێر ئەشکەنجە و توندوتیژی و گرینگینەدانی باوکیدا بوو، جاروبار لە ماڵەکە دەریان دەکرد و زۆربەی شەوان بە زگی برسییەوە دەنووست، لەسەر جەستەی شوێنەواری لێدان بوو و هەندێ جاریش گرینگی بە نەخۆشییەکەی دڵی نەدەدرا. دۆخێکی نالەباری هەبوو، نە لێی دەگەڕان بۆ خۆی ژینا بکات و نە مافی ژیانیشیان پێ دابوو، بەشی لە ژیان، تەنیا بێ حورمەتی، لێدان، سەرنجنەدان و توندوتیژی بوو.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ: "نیلووفەر کچێکی بزێو بوو، ژیانی خۆش ئەویست و دەیەویست بژیت، تەنانەت حەزی لە درێژەدان بە خوێندن بوو بەڵام ئیزنی چوونە زانکۆی پێ نەدرا. لە کۆتاییدا بە هۆی توندوتیژی و نەبوونی هیچ پاڵپشتێکەوە، پاش چەندین جار هەوڵدان بۆ خۆکوژی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بەو هیوایە کە ناو و ئازارەکانی کە لەژێر سێبەری باوکی توندوتیژ و سیستەمی زاڵ بەسەر ژندا بەسەریدا هاتبوو، لەبیر نەچێ."

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣وە، بەگشتی ١٥ کەس لە کوردستاندا هەوڵی خۆکوژییان داوە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. ١٠ کەسیان پیاو و ٥ کەسیان ژن بوون. ٣ کەس لەوانەی کە خۆکوژیان کردووە کچانێک بوون کە تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.