کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "تەتە"ی هەورامان کوژرا

10:38 - 30 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سەیوان دەست ئەفکەن" خەڵكی شاری مەریوان، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "تەتە"ی هەورامان گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.

ئەم کۆڵبەرە خەڵكی گوندی "دەرەپەمان"، سەر بە شاری مەریوان، خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، شەوی شەممە، ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بە ناوی "ئومید سەعیدی"، دانیشتووی سنە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "بەستام"ی سەقز گیانی لەدەست دا.

هەروەها شەوی شەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بە ناوی "مێهرداد عەبدوڵڵازادە"، کوڕی عوسمان و خەڵكی گوندی "مەراغان" سەر بە شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار کرا و دواتر بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.