پیرانشار؛ سۆران مەحموودی سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

23:49 - 11 بانەمەڕ 2724

سۆران مەحموودی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی"، سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیران"، تۆمەتبار کردووە.

ئەو سەرچاوەیە وتی: "ئەو حوکمە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە".

ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرەتاکانی ڕەزبەری ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و کۆتاییەکانی ڕەزبەر پاش کۆتایی قۆناغەکانی لیپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی پیرانشار، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

سۆران مەحموودی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بە دانانی بارمتەی سێ ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.