سەقز؛ ئەمجەد ساڵحزادە بە سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا درا

19:15 - 28 خاکەلێوه 2724

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمجەد ساڵحزادە"، تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕی ئەحمەد، خەڵكی سەقز، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزای تەعزیری، سزای ئەم هاووڵاتییەی بە پێبژاردنی ١٦ میلیۆن تمەن پارەی نەخت گۆڕیوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم حوکمە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا بانگی ئیتلاعاتی سەقز کرا و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بەڕێوە چوو و ناوبراو بە "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار کرابوو.