سەردەشت؛ کۆڵبەرێک بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان و بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا

21:35 - 26 خاکەلێوه 2724

شەوی شەممە، ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بە ناوی "مێهرداد عەبدوڵڵازادە"، کوڕی عوسمان و خەڵكی گوندی "مەراغان" سەر بە شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، نزیکەی کاتژمێر ٩ی شەو، هیزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە بەرزاییەکانی سنووری گوندی "بەیتووش" سەر بە شاری سەردەشت تەقەیان لە گرووپێک لە کۆڵبەران کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لەم ڕووداوەدا، مێهرداد عەبدوڵڵازادە کۆڵبەری تەمەن ٢٠ ساڵ بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە بەرزاییەکانی "بێتووش"، بەر بووەتەوە و گیانی لەدەست داوە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی کوردپا، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا، (١٣٩٠- ١٤٠٢)، بە گشتی ٢٤٦٣ کۆڵبەر لە کوردستانی ئێران کوژراون و بریندار کراون. زیاتر لە ٧٤٪ی کۆڵبەرەکان بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار کراون. هەروەها ٦٤ کەس لەم کۆڵبەرانە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.