بانە؛ گێڕانەوەیەک لە تەقەی بەئەنقەست لە "م.‌هـ"

10:26 - 18 رەزبەر 2723

"م.هـ" تەمەنی ٢٢ ساڵە و خەڵکی شاری بانەیە. ناوبراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، لە ڕۆژی ٥ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١، لە کاتێکدا کە گەمارۆ درابوو لە مەودایەکی نزیکەوە، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و بەئەنقەستی هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان. ناوبراو پێش و پاش ئەوەی کە تەقەی لێ بکرێت، بەتوندی بە باتوم و شەق لێی درابوو و بە برینداری و لە کاتێکدا کە ڕێخۆڵەکانی لە جەستەی دەرهاتبوون لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بەسەر زەویدا ڕاکێشرابوو و لە کۆتاییدا، بەرپرسی ئەم هێزە پێش بە داواکردنی ئامبولانس بە مەبەستی ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە دەگرێ و دەڵێ: "نایەوێ، خۆی دەمرێ."

کوردپا کە بە شێوەی تایبەت شێوەی برینداربوون و گیانلەدەستدانی ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و ئێراندا دەگێڕێتەوە، ئەمجارە شێوەی پێکرانی لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی بانەیی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا دەگیڕێتەوە.

پاش بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا ئەمینی لە شوێنی لەدایکبوونی لە شاری سەقز و دەسپێکردنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بە قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو، لە زۆربەی شارەکانی کووردستاندا لەوانە بانە، بۆ پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پەیوەستی ناڕەزایەتییەکان بوون، بەڵام هێزە سەرکووتکەرەکان هەر لە سەرەتاوە بەمەبەستی دژایەتی لەگەڵ ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و پەرتەوازەکردنیان تەقەیان لێ کردن و "م. هـ" لەگەڵ چەند کەسی دیکە لەکاتێکدا کە لە کۆڵانێکی بنبەستدا بوون، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتەوە گەمارۆ دران و کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و لە نزیکەوە چەندین فیشەکی ساچمەیی بەرکەوت و بەتوندی بریندار بوو.

کوردپا بە هۆکاری ئەمنییەتی لە بڵاوکردنەوەی ناوی تەواوی ئەم هاووڵاتییە خۆی دەبوێرێ و ناوی تەواوی لەلایەن کوردپاوە پارێزراوە.

لە شێوەی برینداربوونی "م .هـ" هەتا بەجێهێشتنی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بۆ ئەوەی کە بمرێ؛

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی ٥ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری بانەدا، "م.هـ" و چەند کەسی دیکە پاش تاریکبوونی هەوا و ڕاوەدوونان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە پەنا دەبەنە بەر کۆڵانێکی بنبەست و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتەوە گەمارۆ دەدرێن. دەرکەی ماڵی خەڵکی ئەو کۆڵانەش بە هۆی بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان بە ڕوویاندا ناکرێتەوە.

هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان پاش گەمارۆدانی "م.هـ" و هاوڕێکانی، دەسبەجێی بە شەق و باتوم لێیان دەدەن. لە هەمان کاتدا پێوەندییەک بە مۆبایلەکەی "م.هـ"وە دەکرێت و هێزە سەرکوتکەرەکان مۆبایلەکەی لێ وەردەگرن و لەگەڵ خۆیانی دەبەن و یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان لە مەودای یەک میترییەوە بە چەکی ساچمەیی ڕاستەوخۆ تەقە لە سکی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٢ ساڵەیە دەکات.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا سەبارەت بە لێدانی دووبارەی "م.هـ" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە و ڕاکێشانی لەسەر زەوی و بەجێهێشتنی ڕایگەیاند: "م.هـ" سەرەڕای برینداربوونی لای ڕاستی سکی، سەرلەنوێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە باتۆم لێی درابوو. هاوکات بە برینداری و لە کاتێکدا کە ڕێخۆڵەکانی دەرهاتبوون لەسەر زەوی ڕایدەکێشن. دواتر هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان هەر لەو حاڵەتەدا بەجێی دەهێڵن. دوایی چەند کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکان دەچنە لای و بەرپرسەکەیان دەڵێ: "ئەمە خەریکە دەمرێت، لێی گەڕێین، بڕۆین" و کاتێ یەکێکیان دەڵێ با ئامبولانسێک بانگ بکەین، بەرپرسەکە دەڵێ "نایەوێ، خۆی دەمرێ."

لە کۆتاییدا، "م.هـ" بە برینداری و بە هەوڵێکی زۆر، خۆی دەگەیەنێتە سەر کۆڵانێکی دیکە و لە کاتێکدا کە بەتوندی بریندار بووە و بەو هۆیەوە کە خۆێنی لێ چۆڕاوە، نەیتوانیوە بە ڕێگادا بڕوات، یەکێک لە خەڵکی ئەو کۆڵانە دەیباتەوە بۆ ماڵی خۆی و دواتر دەیگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانە.

گواستنەوەی" م.هـ" بۆ دوو نەخۆشخانەی بانە و کونێک کە بە هۆی نەشتەرگەرییەوە لە سکیدا درووست بووە؛

ئەو لاوە تەمەن ٢٢ ساڵەیە بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی "ڕازی"ی بانە دەگوازرێتەوە و بنەماڵەکەی لە دۆخی ئاگادار دەبنەوە. "م.هـ" دەسبەجێ لە کاتی گەیشتن بە نەخۆشخانە لە هۆش دەچێت و بنەماڵەکەی ئاگادار دەکەنەوە کە بەهۆی قورسیی برینەکان و ناجێگیربوونی دۆخی دەبێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی "سەلاحەدینی ئەیووبی"ی بانە بکرێت.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیدا، پزیشکەکان لە ڕزگاربوونی گیانی ئەم لاوە هیوابڕاو ئەبن و بە بنەماڵەکەی ڕادەگەیێنن ئەگەر تا ڕۆژی داهاتوو لە ژیاندا بمێنێ، نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت، پاش نەشتەرگەرییەکە و سێ ڕۆژ مانەوە لە بەشی "ئای سی یوو"، "م.هـ" دەگوازرێتەوە بۆ بەشی "سی، سی، یوو" و پاش تێپەڕبوونی یەک حەفتە، نەخۆشخانە بەجێ دەهێڵی.

پاش تێپەربوونی یەک مانگ لە نەشتەرگەرییەکە، ئەو هاووڵاتییە دەزانێ کە سەرەڕای سەرکەوتووبوونی نەشتەرگەرییەکە، برینی قووڵ لە لەشیدا درووست بووە و کونێک لەو شوێنەدا کە هێزە ئەمنییەتییەکان تەقەیان لێ کردووە درووست بووە کە چڵکی لێ دەچۆڕێت.

پێویستیی "م.هـ" بە نەشتەگەریی دووبارە و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکیی پێویست لە شاری بانە؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو پەیوەندییەدا، ڕایگەیاند: کونی بەجێماو لە فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکان ئێستاش هەر ماوە و چڵکی لێ دەچۆڕێت. پزیشکەکانیش ڕایانگەیاندووە ئەگەر ئەو کونە سەرنیا نەبێتەوە، دووبارە "م.هـ" دەبێت نەشتەرگەری بکات، بەڵام کەرەستەی پێویست لە شاری بانە بۆ ئەو نەشتەرگەرییە نییە.

"م.هـ" نزیکەی دوو مانگ پێش لە نەخۆشخانەی "ئومید"ی ورمێ نەشتەرگەریی بۆ کرا و پلاستیکی فیشەکەکە لە سکی دەرهێنرا.

م.هـ"؛"

"م.هـ" لەدایکبووی ساڵی ١٣٨٠ و خەڵکی بانەیە.