گێڕانەوەیەک لە شێوازی قەتڵی حکوومەتیی یەحیا ڕەحیمی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە

23:53 - 6 رەزبەر 2723

یەحیا ڕەحیمی، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ماشینەکەی خۆیدا و لە کاتێکدا کە خەریکی ڕۆیشتن بۆ شوێنی کارەکەی بووە، گیانی لەدەست دا.

کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی یەحیا ڕەحیمیدا شێوەی گیانلەدەستدانی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی یەحیا ڕەحیمی؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، یەحیا ڕەحیمی لە کاتێکدا کە کولوپەلی کارەکەی خستووەتە نێو ماشینەکەی و ویستوویەتی لە گەڕەکی "شەریفاوا"وە بچێتە شوێنی کارەکەی، ئەکەوێتە نێو شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان و بە نیشانەی ناڕەزایەتی، دەست بە بۆق لێدان دەکات.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەگەر سەرنجی فیلمە بڵاوکراوەکان لە بۆق لێدانی ماشینەکان لەو ڕۆژەدا بکەن، دەبینن کە دەنگی بۆق لێدانی ماشینەکەی یەحیا، لەوانی دیکە کەمترە.

کوژرانی یەحیا ڕەحیمی بە چەکی شادگانی ١٢ میلیمیتری؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند: یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان بە چەکی شادگانی ١٢ میلیمتری لە شەقامی شەشۆم بەهمەنی سنەدا، تەقە لە سەری یەحیا دەکات کە بەم هۆیەوە یەحیا دەسبەجێ گیانی لەدەست دەدا، لە فیلمە بڵاوکراوەکاندا دەبینرێ کە یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان پاش تەقە لە سەری یەحیا لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵهاتووە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: پاش ڕووداوەکە، بۆ ماوەیەک هیچکەس بە دەوری یەحیاوە نەبووە، هێزەکانی یەگانی تایبەت و هێزی ئینتیزامیش تەنیا بینەری ڕووداوەکە بوون و پاشان هێزەکانی ئیتلاعات بە ماشینی ئەم ناوەندە، تەرمی یەحیا دەگوازنەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای ڕاگەیاند: برای یەحیا پاش بڵاوبوونەوەی فیلمی گیانلەدەستدانی یەحیا لە بی بی سی فارسیدا ئاگادار بووەتەوە کە یەحیا گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەی کوردپا وتی: براکەی یەحیا ڕەحیمی کە بەدواداچوونی بۆ هەواڵەکانی ناڕەزایەییەکان دەکرد، بە بینینی قوفڵی شکاوی ماشینەکەی یەحیا، دەیناسێتەوە و پێوەندی لەگەڵ یەکێکی دیکە لە براکانی دەگرێت و براکەی بە گریانەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی یەحیای پێ دەدات.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دوو برای یەحیا بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی سەردانی هەموو کەڵانتەرییەکانی سنە، ئیدارەی ئیتلاعات و نەخۆشخانەکانی ئەم شارە و تەنانەت ساردخانەشیان کردووە بەڵام وڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: یەکێک لە براکانی یەحیا دەچێ بە دوای دایک و باوکیاندا کە لە گوند بوون بەڵام، بە هۆی ناڕەزایەتییەکان و قەرەباڵغبوونی شەقام و ڕێگاکان، سێ کاتژمێر دەخایەنێ تاکوو دەگەنەوە سنە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: پاش هێنانی دایک و باوکی یەحیا لە نزیک چوونەژوورەوەی سنەدا، لە ئیتلاعاتەوە پێوەندی بە باوکیەوە دەگرن و براکەی یەحیا مۆبایلەکە لە باوکی وەردەگرێت، لێی دەپرسن چ پێوەندیتان لەگەڵ یەحیا هەیە و لەوێدایە کە باوکی دەزانێ یەحیا گیانی لەدەست داوە، بەڵام براکەی یەحیا نکۆڵی لێ دەکا و بە باوکی دەلێ کە بریندار بووە و ئێستا دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش ئەوی کە دایک و باوکی یەحیا نزیکی ماڵی خۆیان دەبنەوە و خەڵکێکی زۆر لەوێ دەبینن، دەزانن کە کوڕەکەیان گیانی لەدەست داوە و دایکی هەر لەوێ دەبوورێتەوە.

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی یەحیا ڕەحیمی کاتژمێر ٢ی شەو لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی سنە؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، پاش وەرگرتنەوەی تەرمی یەحیا، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە بنەماڵەکەی ڕادەگەیێنن کە دەبێ تەرمی کوڕەکەیان لە بەهەشت محەممەدیدا بە خاک بسپێرن و هیچ ڕێوڕەسمێکیش بۆ ناوبراو لە زێدەکەی خۆیدا بەڕێوە نەبەن.

ئەم سەرچاوەیە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان بە بنەماڵەی ڕەحیمییان ڕاگەیاندبوو کە دەبێ بە شەودا تەرمی کوڕەکەیان بە خاک بسپێرن و تەنیا ئەندامانی بنەماڵەکەی لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدار بن، بۆیە کاتژمێر ٢ی نیوەشەو، تەرمی یەحیا ڕەحیمی بە بەشداریی بنەماڵە و خزمەکانی لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی سنە بە خاک سپێردرا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لە شەوی بەخاکسپاردنی تەرمی یەحیادا، هەموو هێزە سەرکوتکەرەکان لەوانە، یەگانی تایبەت، ئیتلاعات، هێزی ئینتیزامی و لیباس شەخسییەکان لەوێ بوون کە پێش بە ناڕەزایەتیدەربڕینی بنەماڵەی یەحیا بەنسیبەت گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بگرن.

شۆردن و کفنکردنی تەرمی یەحیا ڕەحیمی لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە؛

ئەم سەرچاوەیە وتی: پاش ڕاگواستنی تەرمی یەحیا ڕەحیمی و ماشینەکەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعات، تەرمی یەحیایان شۆردووە و کفنیان کردووە. ماشینەکەی ناوبراویشیان بردووەتە پارکینگی ئیتلاعات.

دوو ڕۆژ پاش بەخاکسپاردنی یەحیا ڕەحیمی، لە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی دەگیرێ کە بۆ وەرگرتنەوەی ماشینەکەی یەحیا سەردانی ئەم ناوەندە بکەن، بەڵام بنەماڵەکەی قەبووڵی ناکەن و تەنانەت ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە وتبووی کە ماشینەکەمان شۆردووە؛ ئێستا نزیک بە ساڵێک لەم ڕووداوە تێدەپەڕێ و بنەماڵەی ڕيحیمی ماشینەکەیان وەرنەگرتووەتەوە.

وەرگرتنی بەڵێننامە لە باوکی یەحیا ڕەحیمی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەی؛

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەڵێننامەی لە باوکی ئەم هاووڵاتییە وەرگرتبوو کە هیچ چەشنە ڕێوڕەسمێک بۆ ناوبراو لە مزگەوتدا بەڕێوە نەبەن و تەنیا لە ماڵەکەی خۆیاندا و بە بێ بەشداریی خەڵک ڕێوڕەسمی بۆ بەڕێوە ببەن، ئەگینا تەرمەکەی ڕادەست ناکەنەوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، چەند ڕۆژ پاش بەخاکسپاردنی تەرمی یەحیا، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە پێوەندیی تلفۆنیی لەگەڵ یەکێک لە براکانی یەحیا گرتبوو و بە شێوەیەکی تایبەت پێی وتبوو کە ئاگات لە خۆت بێ.

ئەم سەرچاوەیە وتی: ئیتلاعاتی سنە هەڕەشەی لە هەموو ئەندامانی بنەماڵەی ڕەحیمی کردووە کە هیچ چەشنە کردەوەیەک سەبارەت بە پرسی گیانلەدەستدانی یەحیا ئەنجام نەدەن.

 بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، بنەماڵەی ڕەحیمی بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا دژی هیزە سەرکوتکەرەکان، پارێزەریان گرتووە، لەو کاتەدا کە براکەی یەحیا لە نووسینگەی پارێزەرەکە هاتووەتە دەرەوە، لە ئیتلاعاتی سنەوە پێوەندییەکی تلفۆنییان لەگەڵ گرتووە و دیسانەوە بە هەڕەشەکردن پێیان وتووە کە ئاگای لە هەڵسوکەوتی خۆی هەبێ.

لە بەڵگەی کۆچی دوایی یەحیا ڕەحیمیدا، هۆکاری مەرگەکەی "بەرکەوتنی شتی سفت و تیژ" ڕاگەیندراوە.

بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلەی یەحیا ڕەحیمی سەرەڕای هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان؛

ئەم سەرچاوەیە وتی: ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ ڕێوڕەسمی چلەی یەحیا ڕەحیمی هەڕەشەی لە بنەماڵەکەی کردووە کە ئیزنی بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمەیان نییە، بەڵام خەڵکی سنە بە بێ گرینگیدان بە هەڕەشەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ڕێوڕەسمی چلەیان بۆ ناوبراو بەڕێوە برد و بە وتنەوەی دروشمی دژەحکوومەتی گۆڕستانەکەیان بەرەو نێو شار بەجێ هێشت.

گوشارەکان بۆسەر بنەماڵەی یەحیا ڕەحیمی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان و فەرمانداریی سنەوە؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لەمبارەوە ڕایگەیاند: فشار و هەڕەشەکان بۆسەر بنەماڵەی ڕەحیمی درێژەی هەیە، تەنانەت جارێکیان فەرمانداری سنە پاکەتێکی وەکوو دیاری بە باوکی یەحیا ڕەحیمی داوە و پێی وتووە کە ئەمە پارە نییە، تەنیا دیارییەکە بۆ تۆ لەلایەن فەرمانداریی سنەوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: پاکەتەکە پارەیەکی زۆری تێدا بوو کە باوکی یەحیا بۆ فەرمانداری فڕی داوە و پێی وتووە کە ئێمە ناتوانین لە خوێنی کوڕەکەمان خۆش بین و تەنیا بکوژی کوڕەکەمان دەوێ.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، پووشپەڕی ئەمساڵ، ئەحمەد ڕەحیمی، باوکی یەحیا ڕەحیمی لەگەڵ بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی سنە، چووبوونە سەر مەزاری ژینا ئەمینی و باقی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سەقز و بۆکان کە پاش گەڕانەوە، سەمەندێکی سپی پێشی بە مینیبووسەکەیان گرتبوو و جگە لە ژن و منداڵەکان، هەموو پیاوەکانیان بەو مینیبووسە بۆ گرتنگەی بۆکان ڕاگواستبوو.

ئەحمەد ڕەحیمی پاش یەک حەفتە دەسبەسەرکران لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکاندا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

یەحیا ڕەحیمی؛

یەحیا ڕەحیمی کوڕی ئەحمەد و قەدەم‌خەیر، لەدایکبووی سەرماوەزی ١٣٧٠، خێزاندار و دانیشتووی شارەکی نەنەڵەی سنە بوو و کاری کاشیکاریی دەکرد.

ڕۆژی ٢٦ی خەزەلوەری ١٤٠١ کە چلەی گیانلەدەستادنی ناوبراو بوو، هاوکات بوو لەگەڵ یەکەمین ساڵوەگەڕی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی.