كەمیی بوودجەی2400 میلیارد تمەنی وەزارەتی تەندروستی و دەرمان

19:48 - 19 بەفرانبار 2711
كوردپا: سەرەڕای بەڵێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی و دەرمانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەو وەزارەتخانەیە ئەم ساڵ لەگەڵ 2400 میلیارد تمەن كەمی بوودجە بەرەوڕوویە.

بەپێی تەرحی پێشنیاریی وەزارەتی تەندروستی بڕیار بوو 30%ی خەرجیی داو و دەرمان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بدرێت و 70%ی بكەوێتە ئەستۆی دەوڵەتەوە، بەڵام بە وتەی لێپرسراوی پزیشكانی گشتیی ئێران، زۆربەی هاووڵاتییان توانایی خەرجی سەر سووڕهێنەری داو و دەرمانیان نیە.

ماڵپەڕی قانوون بڵاوی كردەوە، بەپێی لێكدانەوەكانی دەوڵەتی مەحموود ئەحمەدی نژاد، نێونجیی داهاتی داو و دەرمانی هەر هاووڵاتییەك5700 تمەن دیاریكراوە و ئەمە لە حاڵێك دایە كە كارناسانی ئەو بوارە لەو باوەڕە دان، دەبێ‌ لانیكەم لە سەدا 50 لەو بڕە پارە دیاری كراوە زیاتر بێت.

وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ئیسلامیی حەفتەی رابردوو لە لێدوانێكدا بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی راگەیاندبوو، تەرحی تایبەتیی كردنی یارانەكان لەمەڕ ئاو، بەرق، گاز و وزە لە گرینكترین هۆكارەكانی كەمیی بوودجەن.

بەشێكی دیكە لە كێشەكانی وەزارەتی تەندروستی كەمیی كەرتەكانی دەرمان و نەبوونی نەخۆشخانە لە ناوچە هەژارەكان و ئەگەریش هەیە لەگەڵ بێ‌ ئیمكاناتی بەڕەروون.

بەپێی راپۆڕتی ساڵانەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (who)، بۆ هەر 10 هەزار كەس 27 تەختی نەخۆش هەیە، بەڵام لە ئێراندا بۆ هەر 10 هەزار كەس 14 تەخت هەیە.