ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کۆبوونەوەیەک لەژێر ناوی "یەک ساڵ پاش ژن، ژیان، ئازادی"، ئازار و گوشارە بەردەوامەکان دژی کەمینەکان لە ئێراندا

17:35 - 6 خەزەڵوەر 2723

هەواڵدەریی هێرانا - ڕۆژی ڕابردوو کۆڕێک لەژێر ناوی "یەک ساڵ پاش ژن، ژیان، ئازادی"، ئازار و گوشارە بەردەوامەکان دژی کەمینەکان لە کۆماری ئیسلامیدا، لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ و بە هاوکاریی ڕێکخراوی ئۆتزایز ئینتەرنەشناڵ لە نیۆیۆرک و لە ماڵی ئێسکاندیناویدا بەڕێوە چوو، لەم کۆبوونەوەیەدا لێکدانەوە بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کرا.

ئەم کۆبوونەوەیە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو کێشانە کە کەمینەکان لە ئێراندا لەگەڵیان بەرەوڕوون پێک هاتبوو و بەتایبەتیش کاری لەسەر ئەو ڕووداوانە کرد لە دوای ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" هاتنە ئاراوە. ناڕەزایەتیگەلێکی بەربڵاو کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا پاش مەرگی ناڕوون و تەماویی ژینا(مهسا) ئەمینی لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا دەستیان پێ کرد و بووە هۆی بەکارهێنانی سەرەڕۆیانەی حکوومەتی ئێران لە هێزی سەرکوت و پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ.

هەواڵنێری سەربەخۆ، دیپا پرێنت، بەرپرسایەتیی ئەم پانێلەی لە ئەستۆ بوو.

لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوەیەدا، سەرەڕای کێشەی ئەمنییەتی، پەیامگەلێک لە چالاکانی بوێری مافی مرۆڤی ئێرانی بڵاو کرایەوە کە ڕاشکاوانە ڕای خۆیان دەربڕی.

دوکتور جاوید ڕەحمان، ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، خاڵگەلێکی گرینگی سەبارەت بە کێشەکان و ڕێگاچارەکان بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، باس کرد.

ئێسکایلر تامپسۆن، نوێنەری کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ، لە درێژەدا ئاماژەی بە سێ بیاڤیی سەرەکی کرد کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەو ڕێگایانەوە دەتوانێ بەخێرایی وڵامی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکانی ئێران بداتەوە. تامپسۆن ئەم سێ بیاڤەی ئاوا ناو برد: درێژەی پاڵپشتی لە لێکۆڵینەوەکان بە ڕێبەرایەتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دووبارەکردنەوەی ئەرکەکانی ڕێپۆرتێری تایبەتی ئێران و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ لە بڕیارنامەکان سەبارەت بە ئێران. ناوبراو جەختی کردەوە کە درێژەی دژایەتییەکان لەگەڵ پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕەتکردنەوەی یاسا نێونەتەوەییەکان پێویستە، چونکە بە وتەی ناوبراو "بێدەنگی، هاوپەیمانی لەگەڵ پێشێلکارانی مافی مرۆڤە."

سیمین فەهەندێژ، نوێنەری کۆمەڵگەی بەهایی، باسی لە کێشەکانی کەمینەکان بەتایبەت کۆمەڵگەی بەهاییەکان لە ئێراندا کرد. ناوبراو باسی لە ئاخرین پێشێلکارییەکانی مافی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگە کرد و جەختی لەسەر هاوپەیمانی سەبارەت بە مافی مرۆڤ کردەوە.

ئەوین مستەفازادە، وتەبێژی کوردپا، باسی لە ئەزموونەکانی ڕێکخراوەکەی خۆی سەبارەت بە پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کرد، ناوبراو بە تێروتەسەلی باسی لەو هەڵاواردنانەی کرد کە گرووپە جیاوازەکان ڕۆژانە لەگەڵی بەرەوڕوو دەبنەوە.

لە کۆتاییدا، کۆی وتەکان ئەوە بوو کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەبێ هەوڵەکانی خۆی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەی کەمینەکان زیاتر بکاتەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە لە لەلایەن میدیاکانەوە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵاو دەکرایەوە و بە پەیامی هاوپەیمانی و بەرگری لە مافی مرۆڤ لە ئێراندا کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.