كەمپەینی باڵوێزی سەوز: حكوومەتی ئیسلامیی ئێران مستەفا ئەحمەدی رەوشەنی تیرۆر كردووە

15:38 - 23 بەفرانبار 2711
كوردپا: كەمپەینی باڵوێزی سەوز لە بەیاننامەیەكدا حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بەوە تاوانبار كرد كە مستەفا ئەحمەدی رەوشەن جێگری بارزگانیی ناوەندی ئەتۆمیی نەتەنزی تیرۆرر كردووە و تەئكیدی كردوەوە كە ناوبراو دژی درێژە دانی چالاكیییە ئەتۆمییەكانی ئێران بووە.

مستەفا ئەحمەدی رەوشەن جێگری ناوەندی ئەتۆمیی نەتەنز سەر لە بەیانیی رۆژی چوارشەممە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی میغناتیسیی لكێنراو بە ماشینەكەی لە بەردەم زانستگای عەلامە تەباتەبایی لە تاران كوژرا.

حكومەتی ئیسلامیی ئێران ئیسرائیلی بە ئەنجامدەری تیرۆری مستەفا ئەحمەدی رەوشەن تاوانبار كردووە.

كەمپەنیی باڵوێزی سەوز لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردۆتەوە:\" بەپێی ئەو راپۆرت و زانیاریی بەڵگەمەند كە بە كەمپەین گەیشتوون، ئەوە دەردەخەن كە تیرۆری جێگری بازرگانیی ناوەندی ئەتۆمیی نەتەنز یەكێك لە رەخنەگر و دژبەرانی درێژەدان بە بەرنامەی ناوكیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا بووە و لەو باوەڕەدا بووە كە بە نرخی هەژاری و بێدەرەتانیی گشتیی خەڵك، هەڵاوسان و گرانی، گەمارۆ و قبووڵ كردنی شەڕێكی دیكە بەسەر خەڵكی ئێراندا بەڕێوە دەچێ‌\".

بەیاننامەكەی كەمپەینی سەوز لە درێژەدا ئاماژەی بە ئامانجەكانی ئەو تیرۆرە كردووە و نووسیویە:\" بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتیی چاوەدێرانی یەكیەتیی عەرەب لەمەڕ رەوشی سووریە و مەزڵووم نوێنیی بەشار ئەسەد كە حكوومەتەكەی كەوتۆتە بەر هێرشی ئیسلامیە توندڕەوەكان. هاوكات بۆ بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتیی لەمەڕ ئەگەری گەمارۆی نەوتی ئێران و داخستنی تەنگەی هورموز و ئاڵۆزتر كردنی بازاڕی وزە و نەوتی ناوچە\".

وتەبێژی كۆمیسیۆنی ئەمنیەتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكیی بەوە تاوانبار كردووە كە زانیاریی نهێنیی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێرانی بە ئیسرائیل داوە.

كەمپەینی باڵوێزی سەوز گرووپێك لە دیپلۆمات و كارداری باڵوێزخانەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانن كە پاش رووداوەكانی ساڵی 1388 لە حكومەتی ئێران جیا بوونەتەوە و نیشتەجێی ئورووپان.