ئەمریكا خولێكی فێركاری بۆ رۆژنامە نووسانی ئێرانی بەڕێوە دەبات

04:09 - 25 رەزبەر 2711
كوردپا ـ جێگری دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، خولێكی فێركاری بۆ سینەماكار، رۆژنامەوان، هەواڵنێر و هونەرمەندە ئێرانییەكان، لە وڵاتی هێند بەڕێوە دەبەین.
ماڵپەڕی مەشرق نیوز بڵاوی كردەوە، جێگری دیپلۆماسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا بانگهێشتی سەرجەم هونەرمەندان و سینەماكارانی ئێرانی بۆ بەشداری كردن لە خولێكی فێركاریی 21 رۆژە لە وڵاتی هێند‎دا كرد.
ئەو ناوەندە پێشتریش لە مانگی جوزەردانیشدا خولێكی فێركاریی هەواڵنێری و دیكیۆمێنتاریی لە وڵاتانی ئیتالیا، بریتانیا، هولەند، فەرانسە و ژاپۆن بەڕێوە برد.
لەنێو بەشداربواندا كەسانێكی وەكوو هالە ئیسفەندیاری، رامین جەهانبگلوو و فاتمە حەقیقەت جوو دەبینران.
هەروەها حكوومەتی ئەمریكا ماوەیەك لەمەوبەر خولێكی تایبەتی بۆ پرسێنلی تەلەفیزیۆنی بی بی سی بەڕێوە برد.
ماڵپەڕی مەشرق ئاشكراشی كرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دابین كردنی هەزینەی كاناڵی فارسی بی بی سی وەئەستۆ گرتووە.