كەمبوونەوەی داخواز و كەڵەكە بوونی 18 میلیۆن بۆشكە نەوتی ئێران

15:05 - 24 بەفرانبار 2711
كوردپا: نەبوونی داخواز و كەمبوونەوەی بەرچاوی كڕینی نەوتی ئێران بۆتە هۆی ئەوەی كە 18 میلیۆن بۆشكە نەوتی ئێران لەسەر كەشتیە نەوتییەكانی ئێران كەڵەكە بكرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی كوردپا و بە پشت بەستن بە راپۆرتی رۆیتێرز، هۆكاری سەرەكیی زۆر بوونی كەڵەكە و مانەوەی نەوتی ئێران لەسەر كەشتی و نەوتكێشە گەورەكان لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا، كەمبوونەوەی داخوازی بووە بۆ كڕینی نەوتی ئەو وڵاتە.

هەروەها رۆیتێرز بەپێی راپۆرتی شیركەتیACA بڵاوی كرۆدتەوە: شیركەتی میللیی نەوتكێشی ئێران هەتا كۆتایی حەفتەی پێشوو 9 كەشتیی نەوتكێشی گەورە 18 میلیۆن بۆشكە نەوتیان لەسەر راگیراوە، لە حاڵێكدا ئەو رێژەیە ساڵی پێشوو و هەر لەو ماوەیەدا شەش كەشتی بووە.

بەو پێیە سێ‌فەروەند لەو 9 كەشتیە نەوتكێشە بە باری نەوتەوە ماوەیەكی زۆرە لەنگەریان خستووە.

لەم دۆخەدا وڵاتی عەمان كە دە فەروەند ناوگانی بە ئێران ئیجارە داوە، یەك لەو وڵاتانەیە كە داوای لە ئێران كردووە كە ناوگانەكانی بۆ بگەڕێنێتەوە.

ئێران بۆ ئەنبار و كەڵەكە كردنی نەوتەكەی ناوگانی لە چەندین وڵاتی بیانی بە قەرز وەرگرتووە.

ئەگەر بێت و گەمارۆكانی ئورووپا بەدژی نەوتی ئێران یەكلایی بكرێتەوە، ئەو وڵاتە دەبێ‌لە بیری كڕیاری تازەدا بێت بۆ فرۆشتنی نەوتەكەی.

وڵاتانی یۆنان، ئیتالیا و ئیسپانیا لە گرینگرترین كڕیارانی ئورووپایی نەوتی ئێران دێنە ئەژمار.

لە حاڵی حازردا رۆژانە 600 هەزار بۆشكە نەوتی ئێران رەوانەی وڵاتانی ئورووپایی دەكرێت.

بەم پێیە لە ساڵی 2011 وڵاتانی چین، یەكەیەتیی ئورووپا، ژاپۆن، كورەی باشوور، توركیە، ئەفریقای باشوور، سەنگاپوور و تایوان گرینگترین كڕیارانی نەوتی ئێران بوون.