ئەحمەدی نەژاد: هێندێ‌ لە ناوەندەكان بە نایاسایی سەرقاڵی هاوردە كردنی كەلوپەلن

13:12 - 27 سەرماوەز 2711
كوردپا: سەركۆماری ئێران بۆ جاریكی دیكە هێرشی توندی كردە سەر هێندێ‌ لەو ناوەندانەی كە بە شێوەی رەمەكی سەرقاڵی هاوردە كردنی كەلوپەلن و وتی: هێندێ‌ لە ناوەندە ئابوورییەكانی بەناو خەڵكی دەبێ‌ خۆیان لەگەڵ یاسا رێك بخەن.

لێپرسراوی دەوڵەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران ژمارەیەك لە ناوەندە ئابوورییەكانی بە هێنانی كاڵا بە شێوەی قاچاخ تاوانبار كرد و وتیشی ئەوانە بەبێ‌ لەبەرچاو گرتنی رێوشۆینی یاسایی سەرقاڵی قاچاخی كەلوپەلن.

ئەحمەدی نژاد بێ‌ ئەوەی ئاماژە بە ناوی شوێنێكی تایبەت بكات، ئاشكراشی كرد، ئەو ناوەندانەی كە دیانهەوێت یاسا پێشێل بكەن باشتر وایە بە هەڵسوكەوتی خۆیاندا بچنەوە.

پێشتریش سەركۆماری ئێران لە پووشپەڕی ئەمساڵدا، ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بەوە تاوانبار كردبوو كە لە رێگای ئیسكلە نایاساییەكانەوە سەرقاڵی قاچاخ كردنی كاڵان.
\"1908.jpg\"
لێپرسراوی سپای پاسداران

ئەو لێدوانانەی ئەحمەدی نەژاد پەرچەكرداری توندی لێپرسراوی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێكەوتەوە.

عەزیز جەعفەری وێڕای رەت كردنەوەی ئیدیعكانی ئەحمەدی نژاد وتی، بوونی ئیسكلەی نیزامی لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە شتێكی زۆر سروشتی و یاسایی لەقەڵم دا.