ئێران و عێراق سەرقاڵی داڕشتنی تەرحی هێرش بۆ سەر كەمپی ئەشرەفن

19:55 - 28 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: هەر دوو حكوومەتی ئێران و عێراق بە مەبەستی هێرش كردن بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی رێكخراوی موجاهدینی خەڵق لە كەمپی ئەشرەف رێككەوتوون.

ئەو رێكخراوە لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردۆتەوە،\" ماوەی زیاتر لە دوو حەفتەیە باڵوێزی حكوومەتی تاران و بەغدا بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆك وەزیری ئەو وڵاتە (عێراق) سەرقاڵی داڕشتنی تەرحێكی نیزامین بە دژی دانیشتوانی كەمپی ئەشرەف.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە، حكوومەتی عێراق هێزێكی زۆری لەبەر دەرگای هاتنە ژۆری كەمپی ئەشرەف جێگیر كردووە.

رێكخراوی موجاهدینی خەڵق داوای لە سەرجەم رێكخراوە و ناوەندەكانی مافی مرۆڤ كردووە كەلە هەمبەر كردەوەكانی هەر دوو حكوومەتی ئێران و عێراق بە مەبەستی هێرش كردن بۆ سەر ئەشرەف هەڵوێست نیشان بدەن.

سەدام حوسێن سەركۆماری حكوومەتی پێشووی عێراق ساڵی 1983 كەمپێكی بەناوی ئەشرەف لە نزیك شاری بەغدا بۆ هێزەكانی موجاهدینی خەڵق درووست كرد و ئەو هێزانەی لەوێ‌ جێگیر كرد.

لە دوای نەمانی حكوومەتی سەدام حوسێن هێزەكانی ئەمریكا ئەركی پاراستنی ئەو كەمپەیان وە ئەستۆ گرت.

بەڵام لە دوای چەند ساڵ هێزەكانی حكوومەتی عێراق ئەركیی پاراستنی ئەو كەمپەیان وەئەستۆ گرت و هاوێنی ئەمساڵ لە جەریانی هێرشێكی ئەرتشی عێراق بۆ سەر ئەو كەمپە زیاتر لە 30 كەس لە ئەندامانی رێكخراوی موجاهدینی خەڵق كوژران.