ئێران لە دامەزراوەی "فردو"دا سەرقاڵی چڕ كردنەوەی ئۆرانیۆمە

12:44 - 20 بەفرانبار 2711
كوردپا: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەواڵی چڕ كردنەوەی ئۆرانیۆمی لەلایەن ئێرانەوە، پشت راست كردەوە.

جیل تودور وتەبێژی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئەو ناوەندە هەواڵی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆم لەلایەن حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە دامەزراوە ژێر زەوییەكانی \"فردو\"دا پشت راست دەكاتەوە.

هەواڵی چڕ كردنەوەی ئۆرانیۆم لەلایەن حكوومەتی ئیسلامیی تارانەوە، نیگەرانییەكی بەرچاوی لای وڵاتانی رۆژئاوا درووست كردووە.

هەر سێ‌ وڵاتی ئەمریكا، بریتانیا و ئاڵمان وێڕای دەربڕینی نیگەرانییان لەو هەواڵە رایانگەیاند، ئەو هەوڵەی حكوومەتی تاران بە پێشێل كردنی رێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكان دێتە ئەژمار.

بە وتەی\"ڤیكتۆریا نولند\" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، دەبێ‌ حكوومەتی ئێران چڕ كردنەوەی ئۆرانیۆم رابگرێت و رێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكان پایبەند بێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2006وە هەتا ئێستا 4 بڕیارنامەی بە مەبەستی گەمارۆ خستنە سەر ئێران پەسند كردووە.

ئەمە لە حاڵێك دایە كە فەرەیدوون عەباسی لێپرسراوی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاندووە، چڕ كردنەوەی ئۆرانیۆم لە دامەزراوەی \"فردو\"ی قوم دەستی پێكردووە.

\"ویلیام هیگ\" وەزیری دەرەوەی بریتانیا لەو باوەڕە دایە، چڕ كردنی ئۆرانیۆمی لەلایەن ئێرانەوە بە \"هەوڵێكی شەڕ ئەنگێزانە\" وەسف كردووە.

حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی هەوڵی دەست پێڕاگەیشتن بە چەكی ناوكی لە راستای ئاشتیخوازانەدا وەسف كردووە.