ئێران خوڵی تایبەتی مەشقی نیزامی بۆ گرووپی حەماس داناوە

20:02 - 26 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: لێپرسراوێكی حكوومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، ژمارەیەك لە ئەندامانی گرووپی حەماس بە مەبەستی بارهێنانی مەشقی سەربازیی و كەڵك وەرگرتن لە چەندها جۆری مووشەك هاوێژ، سەردانی ئێرانیان كردووە.

لە سێ‌ساڵی رابردووە هەتا ئیسَتا بەشێكی بەرچاو لە ئەندامانی حەماس مەشقی سەربازیی تایبەتیان لە ئێران بینیوە و هەتا ئیستاش ئەو راهێنانانە بەردەوامن.

رۆژنامەی \"جروزالم پست\" لە زاری ئەو لێپرسراوە نیزامییەی حكوومەتی ئیسرائیلەوە بڵاوی كردۆتەوە، حكوومەتی ئێران چەندها جۆری مووشەكی\"كورنت و فاگوت\"ی داوە بە گرووپی حەماس و هاوكاتیش شێوەی كەڵك وەرگرتن لەو مووشەكانەی لە ناو وڵاتی خوێدا(ئێران) فێر كردوون.

ئەو لێپرسراوەی ئیسرائیل وتیشی، گرووپی حەماس بەر لە شەڕی غەزە شێوازی كەڵك وەرگرتن لە مووشەكیان نەدەزانی، بەڵام لەدوای سەردانیان بۆ ئێران و بارهێنانیان لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە، ئێستا بە باشترین شێوە كەڵك لە چەك و چۆل وەردەگرن.

بەوتەی ئەو لێپرسراوە نیزامییەی ئیسرائیل، فەرماندەرانی نیزامی حكوومەتی ئێران بە شێوەیەكی پێشكەوتووانە ئەندامانی گرووپی حەماسیان لە بواری كەڵك وەرگرتن لە مووشەكی دژە تانك بار هێناوە.

حكوومەتی ئیسرائیل بۆ بەربەرەكانی لەگەڵ ئەو مووشەكە دژە تانگانە سیستمی بەرگریی لەسەر تانگەكانیان داناوە.

حكوومەتی تلاویو بە بەردەوامی حكوومەتی تارانی بە ناردنی چەك و چۆل بۆ گرووپی حەماس لە رێگای سووریەوە تاونبار كردووە.