كۆمەڵناسان: كۆمەڵگای ئێران، كۆمەڵگاییەكی خەمۆكە و تووشی خەمۆكی زیاتریش دەبێت

14:13 - 2 خەزەڵوەر 2711
كوردپا:كارناسان و لێپرسراوانی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ئێران لەمەڕ چوونە سەری رێژەی تووشبوان بە خەمۆكی لە ئێران و بەتایبەتی شاری تاران نیگەرانی خۆیان دەربڕی.
ماڵپەری \"مردمك\" لە زاری لێپرسراوانی وەزارەتی تەندروستیەوە بڵاوی كردەوە، لە سەدا بیستی خەڵكی ئێران تووشی نەخۆشیی خەمۆكی بوون و چاوەڕوان دەكرێ‌ ئەو رێژەیە زیاتری ببێت.
لەلایەكی دیكەوە عەبباس ناسحی لێپرسراوی بنكەی سەلامەتی رەوانی، گرێ‌ دەروونییەكانی لە نێوان ژناندا لە سەدا 26 و لەنێو پیاوانیشدا لە سەدا 16 راگەیاندووە.
ماوەیەك لەمەوبەر جێگری كاروباری كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی حكوومەتی ئێران رایگەیاندبوو، بەپێی ئاماری ساڵی 1387 لە سەدا 34‎ی هاووڵاتییانی شاری تاران تووشی گرێی دەروونی بوون.
ئەمە لە حاڵیك دایە كەلە لێكۆلینەوەیەكی ساڵی 1378دا دەركەوتبوو كە نزیك بە لەسەدا 20‎ی دانیشتوانی شاری تاران تووشی نەخۆشیی خەمۆكی بوون، واتە لە ماوەی 10 ساڵدا لە سەدا 12 رێژە تووشبوان بە خەمۆكی لەنێو هاووڵاتیاندا رووی لە زیاد بوون كردووە.
مستەفا ئیقلیما لێپرسراوی ئەنجومەنی یاریدەدەری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو باوەڕە دایە، قەیرانی بێكاری وەكوو گرینگترین و سەرەكیترین هۆكاری تووشبوون بە خەمۆكی لە وڵاتی ئێراندا دێتە ئەژمار.
چوونە سەری لەسەدا 17‎ی خۆكوژی لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا واتە هەر رۆژ 10 كەس، چوونە سەری لەسەدا 9 رێژەی جیابوونەوە (تەلاق) لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا و چوونە سەری لە سەدا 27‎ی نرخی شتومەك، دەتوانن لە هۆكارەكانی دیكەی نەخۆشی خەمۆكی بن.
سوهەیلا ئومیدنیا لێپرسراوی بنكەی سەلامەتی وەزارەتی تەندروستی بۆ كاروباری ژنان، لەو باوەڕە دایە، لە وڵاتی ئێراندا ژنان زیاتر لە پیاوان تووشی گرێ‌ دەروونییەكان دەبن.
ئەو لێپرسراوە هۆكاری خەمۆكی ژنانی ئێرانیی گەڕاندۆتەوە بۆ، بێكاری، ماڵداری(خانەداری)، ژیانی سەرنەكەوتوو و نەخوێندەواری.