کۆماری ئیسلامی لە نێوان شەهیدەکانی خۆیدا جیاوازی دادەنێت

14:19 - 22 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: بەتۆمەتی بەهایی بوون بونیاد شەهیدی کۆماری ئیسلامی ناوی یەکێک لە کوژراوانی شەڕی ٨ ساڵە تۆمار ناکات و دەڵێ: ئەو کەسە شەهید نییە.

بنەماڵەیەکی پیڕەوی ئایینی بەهایی کە کوڕەکەیان لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە بەرەکانی شەڕ لە سنووری پیرانشار گیانی لەدەست داوە، داوایان کردووە کە ناوی کوڕەکەیان لە بۆنیاد شەهید تۆمار بکرێت، بەڵام بەرپرسی بۆنیاد شەهیدی میاندواو لە وەڵامی ئەو بنەماڵەیەدا بۆ داواکارییەکەیان وەڵامی داوەتەوە کە؛ \"
بە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەی ئێوە، پێڕەوی ئایینی بەهایین، هیچ فایلێک لە بۆنیاد شەهید بە ناوی شەهید، بۆ ئێوە پێک نایەت\".

بەپێی دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان شوناسی ئەم سەربازە کوژراوە بەهاییە بریتییە لە \"مەجید مەحیەدین زێهنی\" کە خەڵکی میاندواوە و لە کاتی شەڕ لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٦٥ی هەتاویدا لە پایگای داوود ئاوا لە شاری پیرانشار گیانی لەدەست داوە.

بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئایینی بەهایی ئایینێکی درووستکراو و قەدەغە ڕاگەیەندراوە؛ بەهاییەکان لە چوارچێوەی حکومەتی ئیسلامیدا لە مافی خوێندن لە زانکۆکان، دامەزران لە ئیدارە دەوڵەتییەکان و خزمەت کردن لە ئەرتەشدا بێبەش کراون و کۆبوونەوە مەزهەبی و ئایینییەکانیان بە نایاسایی لە قەڵەم دراوە و تەنانەت گۆڕستانەکانیان خاپور دەکرێت و تەرمی مردووەکانیان دەشەوێندرێت.

ڕێژەی پێڕەوانی ئەم ئایینە لە هەموو جیهاندا نیزیک بە ٨ میلیۆن کەسە کە لە سەرانسەری جیهاندا و بەتایبەت لە ئێران بڵاو بوونەتەوە؛ ناوەندی جیهانی بەهاییەکان لە شاری حەیفای ئیسڕائیلە.