پەرچەكرداری تاران بە لێدوانی كلینتۆن لەمەڕ دامەزراندنی باڵوێزخانە لە ئێران

14:59 - 7 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: لێپرسراوی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران لەبارەی دامەزراندنی باڵوێزخانەیەكی مەجازی لە ئێراندا رایگەیاند، ئەم چەشنە لێدوانانە دەبێتە هۆی یەكانگیرتر بوونی باری نەتەوەیی لە ئێراندا.
عەلی لاریجانی لە لێدوانێكدا وێڕای رەخنە گرتن لە وڵاتی ئەمریكا لەبارەی دەست تێوەردانی لە كاروباری ناوخۆیی ئێراندا وتی: ئێمە نابێت لێدوانەكانی هیلاری كلینتۆن زۆر بە جیدی وەربگرین.
لاریجانی لەو باوەڕەدایە، لێپرسراوانی حكوومەتی ئەمریكا لە پێوەندیی حكوومەتی ئێراندا بە تەواوەتی لە هەلەدان.
هیلاری كلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە وتووێژێكدا لەگەڵ كانالی بی بی سی رایگەیاندبوو، هەتا كۆتایی ئەمساڵ باڵوێزخانەیەكی مەجازی لەسەر تۆری ئێنتێرنێت دادەمەزرێنین.
بەوتەی كلینتۆن، حكوومەتی واشینگتۆن لە هەوڵی ئەوە دایە كە رێگا چارەیەك بۆ درێژە پێدانی خوێندن بۆ خوێندكارانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات دابین بكات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاشكراشی كردووە، هاووڵاتییانی ئێرانی بە تایبەت خوێندكاران دەتوانن لە رێگای ئەو باڵوێزخانە مەجازییەوە ویزا بۆ دەرەوەی وڵات وەربگرن.
پێوەندییەكانی وڵاتی ئەمریكا لەگەڵ حكوومەتی ئێران لە چەند حەوتووی رابردوودا بۆ جارێكی تر گرژی بە خۆیەوە بینی.
ماوەیەك لەمەوەبەر پۆلیسی فێدراڵی ئەمریكا كەسێكی ئێرانی ـ ئەمریكایی بەتاوانی هەوڵدان بۆ تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان لە واشینگتۆن دەستبەسەر كرد.
لێپرسراوانی حكوومەتی واشینگتۆن لەو باوەڕ ەدان، بەرپرسانی حكوومەتی تاران ئاگاداری تەرحی داڕشتنی ئەو تیرۆرە سەرنەكەوتووە بوون.
تاوانێك كە لێپرسراوانی حكوومەتی تاران بێ‌ئاگایی خۆیان لێ‌راگەیاندووە.