هەزار حاڵەتی ئاگر كەوتنەوە لە لێڕەوارەكانی زاگروس/ لەسەدا 30 دارستانەكان وشك بوون

13:19 - 5 سەرماوەز 2711
كوردپا: ئاگر كەوتنەوەی لە رادەبەدەر لە دارستان و لێڕەوارەكانی چیاكانی زاگروس بۆتە هۆی ئەوەی بەشێكی بەرچاو لە ئاژەڵەكانی ئەو ناوچەیە كۆچ بكەن.

محەممەد دەرویش چالاكی ژینگە پارێز ئاشكرای كردووە، لە سەدا 30ی دارستانەكانی ناوچەی زاگروس بە تەوەاوەتی وشك بوون و لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆر لە ئاژەڵەكانی ئەو شوێنانەیان بەجێ‌ هێشتووە.

ئەو چالاكە ژینگە پارێزە لە لێدوانیكدا بە هەواڵدەریی میهری راگەیاندووە، لە 30 ساڵی رابردۆوە هەتا ئێستا زیاتر لە 98 هەزار هێكتار لە دارستانەكانی زاگروس كراونەتە زەوی كشتوكاڵی.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە لایەن ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكانی چوار مەحاڵی بەختیاری، ساڵانە نزیك بە هەزار هێكتار لە لێڕەوارەكانی ئەو پارێزگایە لەلایەن هاووڵاتیانەوە كراوە بە رەژی.

هەر لە ئەنجامی ئەو ئاگر تێپەردانانە و ژمارەیەكی بەرچاو لە ئاژەڵی وەك سمۆرەی ئەو پارێزگایە بۆ شوێنەكانی دیكە رۆیشتوون.

چیاكانی زاگروس لە 11 پارێزگای ئێران و بەتایبەت چوار پارێزگای ئیلام، كرماشان، كوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا هەڵكەوتوون.