هاووڵاتییەكی ئەفغانستانی بە تاوانی سیخۆری بۆ ئێران بە زیندان حوكم درا

18:28 - 5 رێبەندان 2711
كوردپا: دادگای شاری هەرات كەسێكی بە تاوانی سیخۆری كردن بۆ حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە 16 ساڵ زیندانی حوكم دا.

هاووڵاتییەكی ئەفغانستانی تەمەن 23ساڵ بە تاوانی سیخۆری بۆ وڵاتی بێگانە و خەیانەت بە سەربەخۆیی و یەكپارچەیی ئەفغانستان لەلایەن دادگای شاری هەراتەوە بە 16 ساڵ زیندان حوكم درا.

سەراجەدین نەسر دادوەری دادگای شاری هەرات لە رۆژئاوای ئەفغانستان رایگەیاند، هێندێ‌بەڵگەمان لەبەر دەست دایە كە دەرخەری ئەوەیە ئەو كەسە وێنەی لە ناوندە نیزامییەكانی ئەفغانستان گرتووە و رەوانەی حكوومەتی ئێرانی كردووە.

ئەو دادوەرە وتیشی: كۆمەڵێك ژمارە تەلەفوونی لێپرسراوانی ئەمنیەتیی و ئیتلاعاتی حكوومەتی ئێران لە ناو دەفتەرچەی ئەو تاونبارەدا تۆمار كرابوو.

ماڵپەڕی رادیۆ زەمانە لەزاری دادوەری شاری هەراتەوە بڵاوی كردەوە، ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر كراوە دانی بە سەرجەم تاوانەكانیدا ناوە.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن 23 ساڵەیە لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا لە كاتی وێنەگرتن لە بنكەیەكی چەك و تەقەمەنی لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر كرا.

ئەو حوكمە بە پشت بەستن بە مادەی یەكی یاسای هەوڵدان بە دژی تەناهیی ناوخۆیی و دەرەوەی ئەفغانستان، دراوە.