نەرمی نەنواندنی ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ناوكییەكی، چاوەڕوانییەكانی كردە بڵقی سەر ئاو

14:14 - 5 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی و هەروەها نوێنەری یەكیەتیی ئورووپا دووەمین دانیشتنی سێ‌قۆڵیی خۆیان لەمەڕ بەرنامەی ناوكیی حكوومەتی ئێران ئەنجام دا، بەڵام ئەو دانیشتنە نەگەیشتە رێگەچارەیەكی یەكلاكەرەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ٤‌ی رەزبەر نیۆیۆرک شوێنی چاوپێكەوتنی جان كێری، محەممەد جەواد زەریف و كاترین ئەشتۆن بوو، كۆبوونەوەیەك كە بڕیار بوو لەئاستی وەزیرانی وڵاتانی زلهێزدا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی ئورووپایی \" بە هۆی نەرمی نەنواندنی ئێران\" دانیشتنەكە هەڵوەشایەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو ئێران و نوێنەری یەكیەتی ئورووپا رۆژێك پێشتریش واتە رێكەوتی ٣‌ی رەزبەر دانیشتنێكی سێ‌قۆڵیان هەبووە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی فەرانسە لەزاری بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاوە بڵاوی كردۆتەوە، وتووێژەكان گەیشتوونەتە قۆناغێكی دژوار و لێكهاڵاو و زۆر ئەستەمە كە بتوانین كە رێگە چارەیەكی بۆ بدۆزینەوە.

دیپلۆماتە رۆژئاواییەكانیان وتووێژ لەگەڵ حكوومەتی ئێرانیان بە \" بێ‌هیوا و بێ‌ئاكام\" وەسف كردووە.

دوای تێپەڕینی یەك حەفتە بەسەر دانوستانە كارناسای و وتووێژە دوو قۆڵی و سێ‌قۆڵییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ( ئەمریكا، رووسیە، چین، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان)، هێشتا سەبارەت بە رێككەوتن لەسەر سەرەتایی ترین مەسەلەی ناوكیی ئێران، كێشە هەیە.

لۆران فابیووس وەزیری دەرەوەی فەرانسە وتوویەتی: خولی نوێی دانیشتنەكان كە لەپەراوێزی ٦٩‌ـەمین كۆبوونەوەی كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بەڕێوە چووە، پێشكەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە.

وەزیری دەرەوەی فەرانسە وتبووی، نوێنەرانی حكوومەتی ئێران پێشتر ئامادەی خۆیان بۆ پێداچوونەوە بە دامەزراوەی\" ئەتۆمیی ئەراك\" دەربڕیبوو بەڵام لەو دانیشتنەدا پاشگەز بوونەتەوە.

وڵاتانی رۆژئاوا لەهەوڵی ئەوە دان كە بەرنامەی ناوكیی ئێران بە رادەیەك بەرتەسك بكەنەوە كە توانای دروست كردنی چەكی ئەتۆمی نەمێنێت.

حكوومەتی ئێران رایگەیاندووە، \"لەحاڵی حازردا ١٩ هەزار سانتریفیوژی ئامادەم هەیە و مەبەستی ئێمە تەنیا ئاشتی خوازانەیە\"، كە بە بڕوای كارناسانی ئەو بوارە دەكرێ‌بەو رێژە لە سانتریفیوژانە چەكی ئەتۆم دروست بكرێت.

بەوتەی كارناسانی بواری چەكی ئەتۆم، \"ئەگەر حكوومەتی ئێران مەبەستی لە بەرنامە ناوكییەكەی ئاشتیخوازنە بێت ئەوە نیوەی ئەو سانتریفیوژانە بەشی مەبەستەكەی دەكات\".

دوایین خولی دانیشتنەكان لەمەڕ بەرنامە ناوكییەكی ئێران هاوكات بوو لەگەڵ كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیۆیۆرك كە سەرۆكاری حكوومەتی ئێرانیش تێیدا بەشدار بوو.

روحانی وتەی تازەی پێ‌نەبوو

ئاژانسی روێتێرز رایگەیاندبوو، حەسەن روحانی لە پێشكەش كردنی پەیام و هەروەها چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی زلهێز قسەیەكی تازەتر لەپێشووی پێ‌نەبوو كە یارمەتی بە بەرەپێشڤەوەچوونی وتووێژە ناوكییەكان بدات.

روحانی لە پەیامەكەیدا وتبووی:\" ئێمە نابێ‌ئەوە دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدەین و پێویستە هەنگاوی جیدی هەڵبگرین\".

پێویستە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بەپێی ئەو كاتەی بۆی دیاری كراوە هەتا دوو مانگی دیكە( سەرماوەز) بەرنامە ناوكییەكەی یەكلایی بكاتەوە.

وڵاتانی رۆژئاوا بەڵێنیان داوە ئەگەر حكوومەتی ئێران لەدروست كردنی چەكی ناوكیی پاشگەز ببێتەوە، ئێمەش پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانماندا دەكەین\".

حەسەن روحانی لەكۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا وتبووی:\" ئەگەر كەسان و لایەنەكانی رادیكاڵ و توندڕەو مەجالمان پێ‌بدەن، بەرنامەی ناوكیی یەكلا دەكەینەوە\".

لەو بوارەدا هەواڵدەریی فەرانسە بڵاوی كردبوویەوە، ئاماژەی حەسەن روحانی بە كەسانی توندڕەو، باڵی رادیكاڵی ناو دەسەڵاتی حكوومەتی ئێران ( ویلایەتی رەهبەری، سپای پاسداران و ئیتلاعات\" بووە.