نێونجیی تەمەنی تووشبوان بە مادە هۆشبەرەكان لە ئێران 29 ساڵە

19:54 - 6 سەرماوەز 2711
كوردپا: لە حاڵی حازردا نێونجیی تەمەنی تووشبوان بە مادە هۆشبەرەكان لە ئێران 29 ساڵە و بەپێی ئامارەكان 93%ی موعتادان پیاو و 7%ی دیكە لە ژنان پێكهاتوون.

بەرپرسی گشتیی پێشگیری و كاروباری فەرهەنگیی ستادی بەرنگاریی لەگەڵ مادە هۆشبەرەكانی ئێران رایگەیاندووە، بەپێی بەڵگەكانی پێشگیری لە ئیعتیاد دەبێ‌ هەتا ساڵی 94 پتر لە 40%ی حەشیمەتی ئێران بكەونە ژێر ئەو بەرنامەكانی پێشگیری لە مادە هۆشبەرەكانەوە.

دوكتور حەمید سەرامی لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی میهر رایگەیاندووە، رێژەی تووشبوان بە كادە هۆشبەرەكان لە ئێران رووی لە زیاد بوون كردووە، بەڵامراگەیاندنی ئاماری تووشبوان لە كۆمەڵگای ئێران پێویستی بە ئەنجام دانی توێژینەوەی پسپۆڕی و زانستی هەیە.

ئەو بەرپرسە حكوومەتیە هەرچەند سێ‌ هۆكاری نەبوونی رەزایەتی سۆزداری، نەبوونی رەزایەتی جینسی و كێشەی ئابووریی بە هۆكارەكانی پەرەسەندنی مادە هۆشبەرەكان لەناو كەسانی خاوەن خێزان وەسف كردووە، بەڵام كارناسانی كۆمەڵایەتیی ئێران و كۆمەڵناسان هۆكاری وەك: بێكاری، خەمۆكی، سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بە سەرترین هۆكارەكانی لە قەڵەم دەدەن.

دوكتور سەرامی ئاماژەی بەوەش كردووە كە 55%ی بنەماڵەكان پاش پێنج ساڵ دوای تووشبوونی منداڵەكانیان بە مادە هۆشبەرەكان ئاگادار دەبنەوە.

بەپێی دوایین ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەمەڕ رەوشی مادە هۆشبەرەكان لە ئێران زۆربەی ئەو مادە هۆشبەرانەی كەلە ئەفغانستان بەرهەم دەهێنرێن لەناو ئێران دەكرێنە هێرۆئین و بۆ وڵاتانی ئورووپایی بەڕێ‌ دەكرێن.

زیاتر لە 70 لەسەدی تووشبوان بە نەخۆشیی ئیدز لە ئێران تووشی مادە هۆشبەرەكان بوون و دەوڵەتی ئێران رێژەی تووشبوان بە ئیدزی 80 هەزار كەس راگەیاندووە.

بەكارهێنانی هێرۆیین و شیشە و مادەی موخەدیر سەنعەتی لەناو لاوانی ئێرانی روو لە زیاد بوونە.