نوێنەرێكی مەجلیس: مەجلیس لە هەمبەر گەماروە نەوتییەكاندا بێدەنگ نابێت

14:20 - 11 رێبەندان 2711
كوردپا: لێپرسراوانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر تەحریمە نەوتییەكان لەلایەن یەكیەتیی ئورووپاوە، بە تەمان پەرچەكرداری خێرایان هەبێت و لەم بارەوە مەجلیسی حكوومەت بە تەمایە دەست پێشخەری بكات و فرۆشی نەوتی ئێران بۆ ئورووپا رابگرێت.

زوهرە ئیلاهیان نوێنەری تاران لە مەجلیس، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فارسدا بە ئاماژە بە بڕیاری ئەم دوایانەی یەكیەتیی ئورووپا بۆ گەمارۆی نەوتی بۆ سەر ئێران، وتی:\"ئامانجی رۆژئاوا لەو هەوڵانە رەخساندنی شەڕی دەروونیە لە بەرەبەری خولی نۆیەمی هەڵبژاردنی مەجلیس و پەرە دان بە ناڕەزایەتی لە نێوان خەڵكدا\".

ئیلاهیان وتیشی: رۆژئاواییەكان لە ئاستی راگەیەنەكانیشدا هەوڵێكی بەربڵاویان بۆ پشێویی ئابووری و سەرمایەگوزاری لە ئێران خستۆتە گەڕ.

ئەندامی كۆمیسیۆنی ئەمنەیتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیس ئەوەشی خستۆتە روو كە لەم بارەوە مەجلیس بێدەنگ نابێت و لە هەوڵێكی دەست پێشخەریانەدا فرۆشی نەوتی ئێران بۆ ئورووپا تەحریم دەكات.

یەكیەتیی ئوورووپا لە چەندین دانیشتندا بە مەبەستی زەخت و گوشاری زیاتر بۆ سەر حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ راگرتنی چالاكییە ناوكییەكانی و هەروەها رەچاو كردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەكان بە تەمان گەمارۆ بخەنە سەر نەوتی ئێران.

بەڕای كارناسانی ئابووری و چاودێرانی سیاسی ئەم پرسە بۆتە هۆی رەخساندنی ئاڵۆزییەكی سیاسی و ئابووری لە ئێران و لێپرسراوانی حكوومەتیش لەم بارەوە بەردەوام پەرچە كرداری جۆراوجۆریان هەیە.

لە هەمبەر ئەو زەخت و گوشارانەدا ئێران هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمزی لە کەنداو کردووە کە ئەم مەسەلەیەش بۆتە گرژییەکی سیاسیی دیکە لە نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکادا.