نوێنەری مەجلیس: دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد راستگۆ نیە

14:35 - 30 سەرماوەز 2711
كوردپا: ئەحمەد تەوەكولی نوێنەری مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، \"من ئەو دەوڵەتەم قبوول نیە و ئەحمەدی نژادیش وەكوو لێپرسراوی دەوڵەت بە فەرمی ناناسم، بەڵام پشتیوانی لە بەرژەوەندییەكانی نەتەوەیی لە ناو ئەو دەڵەتەدا دەكەم.

تەوەكولی رایگەیاند، هەر دەوڵەتێك كە بێهەوێت لای خەڵكی خوشەویست بێت دەبێ‌لەگەڵ خەڵكەكەی روو راست بێت.

لێپرسراوی ناوەندی لێكۆلینەوە لە مەجلیسی شۆرای كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، دەوڵەتی ئێران بە لێپرسراوییەتی ئەحمەدی نژاد لەگەڵ خەڵك راستگۆ و پاك نیە و هەر بەم هۆیەشەوە لای خەڵكی رێزی نیە.

ئەو لێپرسراوە وتیشی،\"من هەتا ئێستا بۆ چەندین جار وتوومە كە دەوڵەت و مەجلیس تووشی نەخۆشی بوون، بەڵام هیچ لایەنێك ئەو قسەی من بە هەند وەر ناگرێت\".

تەوەكولی ئاشكراشی كرد. كێشەی من لەگەڵ دەوڵەت پرسی راگەیاندنی ئازادە و لەو باوەڕەدام كە ئەگەر لە وڵاتی ئێران راگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ هەبێ‌هیچ بەرپرسێك ناتوانی سەرپێچی بكات.

ماڵپەڕی ئافتاب پێشتر لە زاری ئەحمەد تەوەكولیەوە بڵاوی كردبووە، \"ئەو دەوڵەتە بە پاكترین دەوڵەت نازانم و هەروەها بەشێكی بەرچاویش لە لێپرسراوانی ناو كابینەی دەیەمی دەوڵەت كەسانی راستگۆ نین\".

بە وتەی ئەو نوێنەرەی مەجلیس، \"دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد سیستمی سیاسی و پێكهاتەی دەوڵەتی ئێرانی بەرە و هەڵدێر بردووە، سیستمێك كە جیاوازێكی بەر چاوی لەگەڵ سەردەمی ئیمام خومێنی هەیە\".