لەسەدا 50‎ی تەختی نەخۆشییە دەروونییەكان وەبەر موعتادانی شیشە كەوتووە

14:19 - 29 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: لێپرسراوی ستادی خەبات بە دژی مادە سڕكەرەكان رایگەیاند، لە ئێران تووشبوانی مادە هۆشبەرەكان لە سەدا 50ی تەختی نەخوشییە دەروونییەكانیان داگیر كردووە.

محەممەد باقر سابیری لەو باوەڕە دایە، ئیعتیاد بە مادەی شیشە زۆر مەترسیدارتر لە مادەكانی دیكەیە و چاك بوونەوەی ئەو كەسە لە ناوەندەكانی تەركی ئیعتیاد پێوەندی بە بەكارهێنانی ئەو كەسەوە هەیە.

ئەو لێپرسراوە ئاشكرای كرد، لە ماوەیەكی كورتدا چوار ناوەندی دیكە بە مەبەستی بەستەری كردنی كەسانی تووشبوو بە مادەی شیشە دادەمەزرێنێن.

سابیری لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی \"ستاد مبارزە با مواد مخدر\" رایگەیاندووە، بە هۆی ئەو مادەیەی كە لەناو شیشەدا هەیە زۆربەی بەكار هێنەرانی ئەو مادەیە تووشی نەخۆشیی دەروونیی دەبن.

بەپێی ئاماری ناوەندی خەبات بە دژی مادە سڕكەرەكان، لە ئێراندا 27 هەزار كەس بە شێوەی بەردەوام مادەی شیشە بەكار دەهێنن.

لە كۆی گشتیی ئەو بەكار هێنەرانە 90%یان تەمەنیان لە خوار 29 ساڵەوەیە.