لە یاهوو مێسنجێری ئیراندا سیغەی"مەحرەم" بوون دەخوێنرێت

14:59 - 21 سەرماوەز 2711
كوردپا: شیركەتێكی بەرهەمهێنەری نەرم ئەفزاری كۆمپیۆتێری لە ئێران، نەرم ئەفزارێكی نوێی بەناوی \"ئانتی بۆی\" یان دژە كوڕی ساز كردووە.

ئەم نەرم ئەفزارە بە وتەی تەڕاحەكانی، بە مەبەستی پێشگیری لە پێوەندییە ناڕەوا ئینتێرنێتیەكان بەرهەم هاتووە.

شیركەتی سیمانتیك بەرهەمهێنەری نەرم ئەفزارە ئەمنیەتییەكان بەناوی \"نورتون\" لەپێناو قایمتر كردنی پێوەندییە دینییەكان بە یارمەتیی بەشی \"IT\"ی \"جهاد سازندگی\"، نەرم ئەفزاری دژە كوڕ (ئانتی بۆی) تەڕاحی كردووە.

ئەم نەرم ئەفزارە لەسەر یاهوو مێسێنجێری بەكارهێنەران دادەبەزێنرێ‌ و لە كاتی وەرگرتنی پەیامدا دەست دەكات بە گەڕان و پشكنین.

ئەگەر بێت و بنێری پەیامەكە كوڕ بێت و لە لیستەی كاربەری ئانتی بۆیدا نەبێت، پێش بە دامەزراندنی پێوەندی دەگرێت.

بانكی زانیاریی ئەم نەرم ئەفزارە بە شێوەی خودكار دەبەسترێ‌ بە ناوەندی \"ئەمر بە معروف و نهی از منكر\"ەوە و نەرم ئەفزارەكە بە رۆژ و ئابدەیت دەكاتەوە.

شیركەتی بەرهەمهێنەری ئەم نەرم ئەفزارە رایگەیاندووە كە، ئەو بەرنامەیە ئەو هەلە بۆ خانمان دەڕەخسێنێ‌ كە ئەگەر هات و كەسێكی نامەحرەم بینرایەوە، بە شێوەی خودكار سیغەی مەحرەم بوون لەلایەن نەرم ئەفزارەكەوە ئەنجام دەدرێت و ئەو \"ئای دی\"یە بە لیستەی دۆستانی زیاد دەكرێت.

لە بەشی تەنزیماتدا پاش بینینەوەی نامەحرەم كردەی سیغە بەجێ‌ دەهێنرَی و پرسیاری \"ئاخۆ وەكێڵم؟\" لە كاربەرەكە دەكرێت!

ئەم نەرم ئەفزارە لە ساڵی تازەدا دەخرێتە بازاڕەوە.