فەرماندەی هێزە ئینتزامیی: هۆکاری گیان لە دەستدانی فەرشید هەکی خۆسووتاندن بووە

21:00 - 1 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: فەرماندەی هێزە ئینتزامیی شاری تاران، بۆ بە لارێدابردن و پەردەپۆش کردنی کوژرانی گومناوای، دوکتور \"فەرشید هەکی\"، پارێزەر و مافناسی، بە هەنا بردن بۆ خوسووتاندن ڕاگەیاند.

حسین رحیمی دەڵێت: بنەماڵەی فەرشید هەکی ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو بە هۆی نالەباری ژیان و کەمی داهات، لە ژیانی خۆی ناڕازی بووە و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە خۆی دەکوژێت.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەر، دوکتور \"فەرشید هەکی\"، پارێزەر و مافناسی ئابووری و ڕاوێژکاری زانستی بڵاوکراوەی تاوتوێ ئابوورییەکان، بە شێوەی گۆماناوی کوژرا.

ئەو فەرماندە نیزامییە، هۆکاری گیان لە دەستدانی فەرشید هەکی بۆ خۆسووتاندن گەڕانەوە و ڕایگەیاند: هەر کەس لەو پەیوەندییەدا، دەستی بە چەواشەکاری و شێواندنی بیروڕای گشتیی کردووە، هەڵسووکەوتی قەزایی لەگەڵ دەکرێت.

پێشتر، ماڵپەڕی \"انصاف نیوز\"، فایلی دەنگی یەکێک لە هاوکارەکانی دکتور فەرشید هەکی بە ناوی \"مدیری\" بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: ئەگەری هەیە کوژرانی ئەو مافناسە بە هۆی کێشەی شەخسی یان پەیوەندیدار بە دۆسیەی ڕاسپێدراوی \"وکالت\"، بوو بێ.

لە لایەکی دیکەوە، عەبدوڵڕەزا داوەری، ڕاوێژکاری مەحموود ئەحمەدی نژاد، کە کوژرانی ئەم پارێزەر و مافناسەی میدیایی کردبوو، پێداگری لە سەر کوژرانی ناوبراو کردووە و هەروەها ئەم پرۆژەیە لە ڕاستای سڕینەوەی ئەم چالاکە کۆمەڵایەتییە لێکداوەتەوە.

ناوبراو، لە نامەیەکدا بۆ دادستان نووسیویەتی کە \"هەکی\" بە شێوەی گوماناوی کوژراوە و پاش کوژرانی تەرمەکەی سووتێندراوە.

داوری هەروەها، داوای لە وەزیری ناوخۆ و وەزیری ئیتلاعات کردبوو کە، پرسی کوژرانی هەکی تاوتوێ بکەن و ڕایگەیاندووە کە پێش بە بنەماڵەی هەکی لە وتووێژ کردن لە گەڵ میدیاکان، سەبارەت بەو ڕووداوە گیراوە.

چالاکی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر ئەو باوەڕن کە، شێوەی سڕینەوەی فیزیکی دژبەران و ڕەخنەگرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە خۆکوژیەوە بۆ خۆسووتاندن گۆڕدراوە.