زندانیانی سیاسی: رەوایی دان بە هەڵبژاردنەكان یارمەتیە بە سەرەڕۆیی

12:58 - 1 بەفرانبار 2711
کوردپا: لە بەرەبەری هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێراندا كۆمەڵێك لە زیندانیانی سیاسی لە نامەیەكدا وێڕای رەخنە لە شێوازی هەڵبژاردنەكان رایانگەیاندووە، رەوایی دان و بەشداری كردن لە هەڵبژاردنەكاندا یارمەتی كردنە بە سەرەڕۆیی زیاتر.

لە درێژەی نامەكەدا هاتووە، بەشداریی كردن لەو هەڵبژاردنە شانۆگەرییەدا دەبێتە هۆی ئەوەی كە بناغەكانی كۆشكی دیكتاتۆری و سەرەڕۆیی زیاتر پتەوتر بێت.

ماڵپەڕی \"كلمە\" بڵاوی كردەوە، ئەو 39 زیندانییە سیاسییە لە نامەكەیاندا ئاماژەیان بەوە كردووە، ئەزموونی بەشێك لە وڵاتان و هەروەها حكوومەتەكانی حاكم بەسەر ئێراندا دەرخەری ئەوەن كە هەر هەڵبژاردنێك كە لەژێر سێبەری هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكاندا بەڕێوە بچێت، هەڵبژاردنێكی شانۆگەرییانەیە و داهاتووەكەی لە پێشدا دیاری كراوە.

پێشتریش سی و شەش كەس لە زیندانیانی سیاسی گرتووخانەكانی رەجایی شار، ئێوین و خووزستان لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاندبوو، بەبێ‌بوونی نوێنەرانی راسەقینەی خەڵكی لە مەجلیسدا، نە تەنیا مافی پێشێل كراوی خەڵكی چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو رێگا بۆ سەركوت و پێشێل كردنی زیاتریش خۆش دەكات.

خولی داهاتووی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران، یەكەمین هەڵبژاردنە كە دوای هەڵبژاردنی سەركۆماری لە ئێران كە ناڕەزایەتییەكی بەربڵاوی خەڵكیی لێكەوتەوە، بەڕێوە دەچێت.

عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژاردنی خولی نۆیەمی مەجلیسی بە مەترسیی ئەمنیەتیی لە قەڵەم داوە.

رەخنەگرانی دەوڵەت لە باڵی ئوسوولگەراكان لەو باوەڕە دان، كە دەست و پێوەندییەكانی ئەحمەدی نەژاد دیانهەوێت ژمارەیەكی بەرچاو لە كورسییەكانی مەجلیس بە دەست بهێنن.