رەفسەنجانی: لابردنی پۆستی سەركۆماری پێچەوانەی یاسای بنەڕەتیە

12:50 - 3 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی رایگەیاند، تەرحی لابردنی پۆستی سەر كۆماری لە پێكهاتەی سیاسی ئێران بەرامبەرە بە لاواز كردنی كۆماری و پێشێل كردنی یاسای بنەڕەتی.
ماڵپەڕی فەرمیی رەفسەنجانی بڵاوی كردەوە، كۆماری و ئیسلامیەت دوو خاڵی نەگۆڕن لە سیستمی كۆماری ئیسلامیدا و ئەگەر ئەم كارە بە لێكدانەوەی وردەوە ئەنجام نەدرێ‌، لایەنی كۆماریی سیستمی وڵات بە تەواوەتی لاواز دەبێت.
ماوەیەك لەمەوبەر ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی رێبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران باسی لە گۆڕینی سیستمی سیاسیی ئێران لە سیستمی سەركۆمارییەوە بۆ سیتسمی پارلەمانی كردبوو، پێشنیاریك كەلەلایەن ژمارەیەك لە نوێنەران و هەروەها كەساییەتیە سیاسییەكانی باڵی راستەوە پێشوازی لێكرا.
لە ئەگەری جێبەجێ‌ كردنی ئەم تەرحەدا، لەباتی ئەوەی سەركۆمار بە دەنگی راستەوخۆی خەڵكی هەڵبژێردرێت، سەرۆك وەزیر وەكوو لێپرسراوی دەوڵەت لەلایەن نوێنەرانی مەجلیسەوە هەڵدەبژێردرێ‌.
هاشمی رەفسەنجانی لەو باوەڕە دایە، ئەو ماوە دوورەی كە خامنەیی بۆ گۆڕینی پێكهاتەی سیاسیی حكوومەتی ئێران دیاریی كردووە، لەوانەیە بەم نزیكانە جێبەجێ‌ بكرێت.
رەفسەنجانی لە حاڵی حازردا بەرپرسایەتیی كۆڕی دیاری كردنی بەرژەوەندییەكانی نیزامی لە ئەستۆیە.
محەممەد دەهقان ئەندامی لێژنەی بەڕیوەبەریی مەجلیسی شۆرای ئێسلامیی ئێران بە هەواڵدەریی میهری رایگەیاندووە، لە كاتی پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتیدا دەكرێ‌ لابردنی كۆڕی دیاری كردنی بەرژەوەندییەكانی نیزامیش بخرێتە بەرباس.
بە وتەی عەلی ئەكبەر رەفسەنجانی، كۆڕی دیاری كردنی بەرژەوندییەكانی نیزام لەسەر بڕیاری ئایەتوڵڵا خومەینی رێبەر ئەوكاتی ئێران دامەزراوە و لابردنی ئەو ناوەندە بەرامبەرە بەبێ‌ حورمەتی كردن بە خومەینی.