رادان: رێكلام كردن لە كاناڵە ماهوارەییەكان قەدەغەیە

14:03 - 6 بەفرانبار 2711
كوردپا: جێگری فەرماندەی ناجا رایگەیاند، ئەو كەسانەی كە بە مەبەستی رێكلام كردنی كاڵاكانیان لە كاناڵە ماهوارەییەكان ناونووسی دەكەن، هەڵسوكەوتی توندیان لەگەڵ دەكرێت.

ئەحمەد رەزا رادان، جێگری فەرماندەی هێزی ئینتزامی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران ئاشكرای كرد، دوایین مۆڵەت دەدەین بەو كەسانەی كەلە ماهوارەكاندا ناونووسیان كردووە لەو كارەیان پاشگەز ببنەوە و ئەگەر بە پێچەوانەی یاسا هەڵسوكەوت بكەن، سزای توندییان بۆ دیاری دەكەین.

هەواڵدەریی ئیسنا لەزاری \"رادان\"ـەوە بڵاوی كردەوە، رێكلام كردن لە كاناڵە ماهوارەییەكاندا هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ قاچاخی كاڵادا نیە و لەمەوبەدوا هەڵسوكەوتی توند لەگەڵ ئەو كەسانە دەكرێت.

ئەو لێپرسراوە وتیشی، رێكلام كردن لە كاناڵە ماهوارەییەكاندا پێچەوانەی یاسا و ریساكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

بە وتەی ئەحمەد رەزا رادان، بەمزوانە بۆ رێكلام كردنی كاڵا ناوخۆییەكان كاناڵێك لەژێر ناوی \" شەبەكەی بازار\" دادەمەزرێت.