دەزگای قەزایی و بەڕێوەبەریی حکوومەتی لە ئێران ناکۆکییەکانیان قوڵتر دەبێتەوە

16:33 - 8 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ ١٧ نوێنەری مەجلیسی شوورای ئیسلامی حوکمی دەستبەسەر کردنی بڕیيەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، مەحموود سادقی نوێنەری شاری تاران لە مەجلیسی ئیسلامی، لە لایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە لەگەڵ هەرەشەی دەستبەسەر کردن بەرەوڕوو بووەتەوە.

مەئموورانی دادستانيی گشتی شاری تاران، حوکمی دەستبەسەر کردنی ئەو ئەندامەی فراکسیونی ئومید، نزیک لە کابینەی حەسەن ڕۆحانیيان پێ بووە.

مەحموود سادقی بە هۆی لێدوانێک سەبارەت بە ژمارە حەسابە میلیاردیيەکانی بەرپرسی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ،\"بێڕێزی و بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیروڕای گشتی\"تاوانبار کراوە.

ئەو ئەندامەی هەیئەتی فراکسیونی ئومید، داوای ڕوونکردنەوەی لە سادق ئامولی لاریجانی بە بۆنەی ٦٢ حەسابی بانکی ٢٣٠٠ میلیارد تمەنيی ناوبراو کردبوو.

هاوکات لەگەڵ ئامادەبوونی مەئموورانی دادستانی لە بەرانبەر ماڵی مەحموود سادقی و کۆبوونەوەی لاینگەرانی ئەو نوێنەرە، ماڵپەڕی\"آمد نیوز\" کە پێشتر لە سەر ژمارە حەسابەکانی لاریجانی ڕوونخوازيی دابوو، بڵاوی کردەوە کە حوکمی ١٧ نوێنەری مەجلیس بۆ دەستبەسەر کردن بڕدراوتەوە.

ئەو نوێنەرە کە شوناسی ناڕوونە، لە پەیوەندی لەگەڵ ڕوونخوازيی ماڵيی یاشار سوڵتانی شارەداری شاری تاران لەگەڵ ئەو حوکمە بەڕەوڕوو بووتەوە.

هاوکات کاناڵی تێلگرامی هەواڵدەریی نیوە فەرميی \"فارس نیوز\" لە دژکردەوەیەکدا بە نیسبەت حوکمی دەستبەسەرکردنی ئەو ١٧ نوێنەرەی مەجلیسی دەیەم، ئەو هەواڵەی لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە ڕەت کردۆتەوە.

ماڵپەڕی\"میزان\"، نزیک لە دەزگای قەزایی لە ڕاپۆڕتیکدا، دوو ڕۆژ پێش باسی لە\" پڕۆژەیەکی هاوبەشی ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان بۆ \"تێکدانی دەزگای قەزایی\" و \"هێرش بۆ سەر ویلایەتی فەقیه\" کردوە.

ناکۆکيی نێوان دوو دەزگای قەزايی و بەڕێوەبەری لە ماوەی چەند ڕۆژ پێشدا بە دوای بڵاوکردنەوەی نامەی ١٧ نوێنەری مەجلیس بۆ سادق لاریجانی و دادستانی گشتيی ئێران سەبارەت بە حوکمی نەرگس محەممەدی، چالاکی مافی مرۆڤی زیندانیکراو و هەروەها پێشگرتنی دادستانی شاری مەشهەد لە کۆبوونەوەی عەلی موتەهەری، جێگری سەرۆكی مەجلیسی شوورای ئیسلامی لەو شارەدا فازێکی نوێتری بە خۆوە بینیوە.