دیسان سەرپێچی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان/ وەرگرتنی پارەی نایاسایی

15:18 - 4 بەفرانبار 2711
كوردپا: سەرەڕای زیاد كردنی 9 هەزار میلیارد تمەن بودجەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ئەو ناوەندە بە بەردەوامی پارەی نایاسایی لە بنەماڵەی قوتابیان وەردەگرێت.

لێپرسراوی كۆمیسیۆنی پەروەردە و لێكۆڵینەوەی مەجلیس وێڕای ئاماژە دان بە رەخنەی بنەماڵەكان لەمەڕ وەرگرتنی پارە، رایگەیاند: بۆ ئەو پرسە بە دەیان جار لێپرسراوانی پێوەندیدار ئاگادار كراونەتەوە.

لێپرسۆاوی پەروەردە و بارهێنان لە وەڵامدا رایگەیاندووە، ئەو سەرپێچیە تەنیا تایبەت بە یەك قوتابخانە بووە و هەڵسوكەوتی توندی لەگەڵ دەكرێت.

هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری \"عەلی عەباسپوور تارانی\"ـەوە بڵاوی كردەوە، بەپێی ئەو بەدواداچوونەی كە كۆمیسیۆنی مەجلیس كردوویەتی، هەتا ئێستا هیچ هەڵسوكەوتێك لەگەڵ بەرپرسانی ئەو قوتابخانانەی كە سەرپێچیان كردووە، نەكراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ماوەیەك لەمەوبەر قوتابخانەكانی نەوسوود لە پارێزگای كرماشان لەژێر ناوی كڕینی كەلوپەل و سووتەمەنی بڕە پارەیەكیان لە قوتابیان وەرگرتبوو.