دۆخی مافی مرۆڤی ئێران لە ناوچە جیاجیاکاندا خەراپتر بووە

15:23 - 23 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخستنە ناحکوومییەکانی ئێران، ئەندامانی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان هاندا، کە لە بەرژەوەندی بڕیارنامەی پێشلکردنی مافی مرۆڤی ئێران دەنگ بدەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢٩ ڕێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، خوازیاری پاڵپشتی دووبارەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەی مافی مرۆڤی ئێران بوونە.

ئەوان ڕادەگەینن کە پەسندکردنی ئەم بڕیارنامەیە بۆ دەوڵەت و خەڵکی ئێران \"پەیامی ژیانەکیی\" کە لەبەرگرەوەی سەرنج و نیگەرانی کۆمەڵگای جیهانی لەپێوەندی لەگەڵ \"پێشلی سیستماتیکی مافی مرۆڤ\"ـە. لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: سەرەڕای کرانەوەی دیپلۆماتیک و بازەرگانی لە دوای جێبەجێ بوونی بەرجام، مافی مرۆڤ دەبێ نیگەرانیی یەکەمی لە ئێران و بۆ وڵاتانی خوازیاری پەرەپێدانی پێوەندی ئابووری و دیپلۆمات لەگەڵ دەوڵەتی ئەو وڵاتە بێ. دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەروا نالەبارە و لە ناوچە جیاجیاکاندا خەراپتر بووە. لەکاتێکدا دەوڵەتی ئێران بەدوای پێوەندی قووڵتر لەگەڵ کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتییە، هەلێکی گونجاوە تاکوو خوازیاری باشترکردنی جێ ڕەزامەندی لەمەڕ مافی مرۆڤ لە ئێران بین.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژنێڤ، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی خەڵکی ئازەربایجان لە ئێران، گرووپی مافی مرۆڤی بەلووچستان، یەکگرتن لەپێناو ئێران، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، دامەزراوەی عەبدۆڕەحمانی بروومەند و... لە واژۆکەرانی بەیاننامەی هاوبەشی ڕۆژی ڕابردوو( ١٢ی دێسامبر)ـن.

پێشتر دەقی پێشنیارکراوی \"دۆخی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران\"دا بە هاوکاری چەند دەوڵەت و لە لایەن نوێنەری کانادا لە کۆمیتەی سێهەم باس کرا کە بە زۆرینەیەکی ڕێژەیی(٨٥ دەنگی ئەرێ، ٣٥ دەنگی نا و ٦٣ دەنگی بێ لایەن) پەسند کرابوو.

بەیاننامەی ٢٩ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هیواخوازە کە کاتێ ئەو بڕیارنامەیە بۆ دەنگ وەرگرتنەوە دەچێتە کۆڕی گشتی و پاڵپشتی کردن لێی زیاتر بێ.

چاوەڕوان دەکرێ دەقی بڕیارنامەکە لە ناوەڕاستی مانگی دێسامبر دەخرێتە دەنگدانی سەرلەنوێی کوڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان(UNGA).

لە دەقی پێشنیارکراوی دەوڵەتی کانادا بۆ کۆمیتەی سێهەم، داوای نەهێشتنی هەڵاواردن دژ بە کەمینە نەتەوەییەکان، دەستبەسەر و ئەشکەنجەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ئێراندا کراوە.

بەلانیکەمەوە، ١٠٠٠ زیندانیی سیاسی پێکهاتوو لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، چالاکانی کەمینە نەتەوەییەکان، ڕۆژنامەوانان، وێبلاگنووسان و هونەرمەندان لە ئێراندا بوونیان هەیە.

لینکی پەیوەندیدار:
نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی مافی مرۆڤی ئێرانی مەحکووم کرد