دۆخی ئازادی رادەربڕین/ كارنامەی ئێران لە ریزبەندی ئازادی چاپەمەنیدا سفرە

19:58 - 5 رێبەندان 2711
كوردپا: وڵاتانی ئێران، ئریترە و كورەی باكوور لە ریزبەندی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور لە ریزی هەرە خوارەوەی خشتەی راگەیاندنی جیهانی دان.

لە دەهەمین ریزبەندی ساڵانەی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور بۆ ساڵی 2011، ئێران لە نێو 178 وڵاتی جیهاندا پلەی 175ی پێ‌بڕاوە.

بەپێی ئەو ریزبەندییە وڵاتی ئێران لە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕیندا بە یەكێك لەو وڵاتە دیكتاتور و داخراوانە دێتە ئەژمار.

ماڵپەڕی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور بڵاوی كردەوە، وادیارە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ دونیای دەرەوەی خۆی پێوەندیی نیە و ئەو بارودۆخەی كە ئێران تێیدایە ئەو وڵاتە بەرەو نەمان دەبات.

لە نێو وڵاتانی جیهاندا سووریە، ئریترە، توركەمەنستان و كورەی باكوور بارودۆخی راگەیاندنیان لە ئێران خراپترە و وڵاتانی فنلاند، نوروێژ و هولەند هەر وەكوو پێشوو لە ریز بەندی یەكەمی خشتەكە دان.

پێشتریش فدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەوانان لە هاودەنگێگ لەگەڵ رۆژنامەنووسانی دەستبەسەر كراوی ئێرانیدا، بارودۆخی راگەیاندنیان لەو وڵاتەدا بەو پەڕی خراپی وەسف كردبوو.

ئێستاكە زیاتر لە 150 رۆژنامەنووس لە بەندیخانەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دان و زۆربەشیان لە دوای ناڕەزایەاتییەكانی هاووڵاتیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەركۆماری دەستبەسەر كراون.