خامنەیی هەڕەشەی نیزامی لە ئیسرائیل و ئەمریكا كرد

19:36 - 19 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای هوشداری دان بە \"تێلاویو و واشینگتۆن\" رایگەیاند، بە هەر هێرشێكی دەرەكی بە چەشنێك وڵام دەدێنەوە كە ئەو وڵاتانە لەناو خۆیاندا پڕش و بڵاو ببن.

هەواڵدەریی فارس لە زاری \"عەلی خامنەی\"ی ەوە بڵاوی كردەوە، خەڵكی ئێران بە هیچ شێوەیەك لە هەمبەر هێرشی نیزامیی وڵاتاندا بێدەنگی هەڵنابژێرن و شانبەشانی هێزە نیزامییەكان لەگەڵ دوژمن بەربەرەكانێ‌ دەكەن.

خامنەیی لە كۆڕی خوێندكارانی زانكۆی ئیمام عەلی‎دا رایگەیاند، ناڕەزایەتییەكانی ئەم دواییانەی وڵاتانی رۆژئاوا دەرخەری لەناو چوونی دونیای سەرمایەداری و نادادپەروەرییە.

وەڵامی خامنەیی دژكردەوەیەك بوو لە هەمبەر ئەگەری هێرشی نیزامی بۆ سەر حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پێشگری لەو وڵاتە لە دەست پێڕاگەیشتن بە چەكی ناوكی.

وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل لەو باوەڕە دان كە حكوومەتی ئێران لە بەرەبەری دەست پێڕاگەیشتن بە چەكی ئەتۆمە و دەبێ پێشی پێ‌ بگیرێت.

لەلایەكی دیكەوە یووكیا ئامانۆ لێپرسراوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە تازەترین راپۆرتی ئەو ناوەندەدا رایگەیاندووە، هێندێ‌ زانیاری بەڵگەمەندمان لەبەر دەست دایە كە دەرخەری چالاكییەكانی حكوومەتی ئێرانە لەمەڕ دەست پێڕاگەیشتنی بە چەكی ناوكی.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، بەپێی هێندێ‌ بەڵگە حكوومەتی ئیسلامیی تاران سەرقاڵی تەڕاحیی بۆمبێكی ئەتۆمیە و لە هەنگاوی یەكەمیشدا هەوڵی بۆ بەدەستهێنان و درووست كردنی ژمارەیەك لە كەلوپەلی ئەو بۆمبە داوە.