تەقینەوەیەكی بەهێز لە شاری "مەلارد"ی پارێزگای ئەلبورز رووی دا

18:38 - 21 خەزەڵوەر 2711
كوردپا- هەواڵدەریی میهر لە زاری نوێنەری شەهریار لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاوی كردەوە، لە بنكەیەكی نیزامی لە گوندی \"بیدگنە\"ی سەر بە شارۆچكەی مەلارد لە پارێزگای ئەلبورز تەقینەوەیەكی بەهێز رووی داوە كە هەتا ئێستا لە رادەی خەسارە گیانی و ماڵییەكانی هەواڵێك بڵاو نەكراوەتەوە.

حوسێن گەڕووسی ئەوەشی راگەیاندووە، تەقینەوەكە كە كاتژمێر یەك و پێنج خولەكی ئەمڕۆ شەممە بە كاتی تاران رووی داوە، بەرادەیەك بووە كە شووشەی هێندێ‌لە بینا و تەلارەكانی نزیك رووداوەكەی شكاندووە و خەڵكی شارەكانی\" شەهریار، مەلارد و شەهرقودس و تەنانەت تاران و كەرج\"یشی تووشی نیگەرانی و ترس كردووە.

نوێنەری شەهریار ئەوەشی راگەیاندووە لە ئەنجامی ئەو تەقینەوە چەند كەس بوونەتە قوربانی، بەڵام هەتا ئێستا بە روونی لە رێژەی كوژراوەكان هەواڵێكی باوەڕ پێكراو لەبەر دەستدا نیە.

هێندێ‌لە سەرچاوەكان نووسیویانە كە هێشتا دیار نیە ئەو بنەكە نیزامییە سەر بە ئەرتشە یان سپای پاسداران، بەڵام سپای پاسداران لە بەیاننامەیەكدا ئەو هەواڵەی پشت راست كردۆتەوە كە ئەو پادگانە سەر بەو هێزە نیزامییەی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانە.

ئەو تەقینەوەیە لەناو كۆمەڵێك ئەنبار زاخەی چەك و تەقەمەنی رووی داوە كە هەتا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی فەرمیی حكوومەتی ئێرانەوە لەمەڕ رادەی خەسارە گیانی و مادییەكان و هەروەها هۆكار یان هۆكارەكانی ئەو تەقینەوەیە زانیارییەك بڵاو نەكراوەتەوە.