باڵوێزی ئێران لە عێراق: حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ پێكهاتنی هەرێمەكان لە عێراق دژایەتی دەكات

13:48 - 8 رێبەندان 2711
كوردپا: باڵوێزی ئێران لە بەغدا رایگەیاندووە كە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ پێكهاتنی سیستمی هەرێمی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق دژایی دەكات و ئەم قسانە پەرچە كرداری لێپرسراوانی حكوومەتی عێراق و خەڵكی ئەو وڵاتەی لێكەوتەوە.

حەسەن دانایی فەر باڵوێزی حكوومەتی تاران لە بەغدا لە لێدوانێكدا راشكاوانە رایگەیاندووە كە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ پێكهاتنی ناوچەی هەرێمی لە عێراق لە دژایەتی دایە، پێتشتریش قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودسی ئێران وتبووی، عێراق لەژێر چاوەدێری و بەڕێوەبەریی ئێران دایە.

\"فائزە العبیدی\"، نوێنەری پارلەمانی عێراق لە فراكیسۆنی ئەلعراقیە رایگەیاندووە، ئەو وتانەی باڵوێزی ئێران دەستێوەردانی راشكاوانەیە لە كاروباری ناوخۆیی عێراق و دەستدرێژییە بۆ سەروەریی خاكی عێراق.

لەلایەكی دیكەشەوە رەعد دهلكی، نوێنەری پارلەمانی عێراق لە پارێزگای دیالی لەمەڕ قسەكانی دانایی فەر وتی:\" ئەم قسانە یەك لەو كۆمەڵە قسانەی لێپرسراوانی ئێرانیە و راشكاوانە دەربڕی دەستێوەردانی ئێرانە لە كاروباری ناوخۆیی عێراقدا، هەر بۆیە داوا لە هەموو گرووپ و لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكەین لە هەمبەر دەستێوەردانی ئێراندا بوەستنەوە\".

سیستمی حكوومەتیی عێراق پاش نەمانی حكوومەتی سەدام بە \"فیدراڵ\" پێناسە كراوە و بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە، هەریەك یان چەند پارێزگا بەپێی بارودۆخ دەتوانن هەرێمی سەربەخۆ پێك بهێنن.

ئێستا جیا لە هەرێمی كوردستان پارێزگای سوننە نشینی دیالی و پارێزگای سەلاحەدین و چەند پارێزگایەكی شیعەنشین لەگەڵ بەسرە داوایان كردووە و بە تەمای پێكهێنانی هەرێمی سەربەخۆن و لە مانگی رابردوودا ئەم باسانە یەكێك لە باس و كێشە ناوخۆیییەكانی عێراق بووە.

لێپرسراوانی عێراق و ئەمریكا بەردەوام حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق تاوانبار دەكەن، تاوانێك كە بەردەوام ئێران حاشای لێدەكات.