باندە مافیاییەكانی مادە هۆشبەرەكانی ئێران بازاری باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیایان قۆرخ كرد

19:27 - 8 سەرماوەز 2711
كوردپا: كڕیار و فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەكانی وڵاتی ئێران دزەیان كردۆتە بازارەكانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردۆتەوە، رۆژ لەگەڵ رۆژ قاچاخی مادە هۆشبەرەكان لە وڵاتی ئێرانەوە بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا روو لە زیاد بوونە.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە، باندە مافیاییەكانی مادە سڕكەرەكانی ئێران بازاری ئاسیایان گرتوتە دەست و بە شێوەیەكی خێرا سەرقاڵی ئاڵووێر كردنی مادەی \"متامفتامین\" لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیان.

مادەی ورووژێنەری متامفتامین (ATS) لە ساڵی 1990 وە توانیویەتی بازارەكانی تریك و هیرۆئین كەساد بكات و بەكارهێنانی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا رووی لە زباد بوون كردووە.

لە راپۆڕتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، ئەو باندە ئێرانیانەی كەلە بواری مادە سڕكەرەكاندا چالاكی دەكەن، وەكوو \"هەڕەشەیەكی بەرچاو و جیدی\" لە ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لە قەڵەم دراون.

لە نێوان ساڵەكانی 2009 هەتا 2010، 228 هاووڵاتیی ئێرانی بە تاوانی هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر لەلایەن پۆلیسی وڵاتی مالزییەوە دەستبەسەر كراون.

هەر لە پێوەندییەدا لەمانگی خاكەلێوەی ئەمساڵدا پۆلیسی مالێزی 9 هاووڵاتیی ئێرانییان بە تاوانی قاچاخی مادە سڕكەرەكان بە بڕی دوو میلیۆن و 300 هەزار دۆلار دەستبەسەر كرد.

راپۆرتەكە باس لەوەش دەكات، وڵاتی ئێران بە یەكێك لە بنكە سەرەكییەكانی هەناردەی مادە سڕكەرەكان بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دێتە ئەژمار.