مەریوان؛ خەبات وەیسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا

13:40 - 13 رەشەمه 2723

ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "خەبات وەیسی"، کوڕی عەبدوڵڵا و خەڵکی گوندی "گوڵچێر"، سەر بە شاری مەریوان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاوڵاتییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕووحی"، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٥ مانگ بەندکران سزا درابوو.

خەبات وەیسی، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە مەریوانییە دیسانەوە سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

خەبات وەیسی خوێندکاری زمانی ئینگلیزییە.