کرماشان؛ سەلمان ئۆلفەتی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا مانی لە خواردن گرت

22:53 - 8 بانەمەڕ 2724

سەلمان ئۆلفەتی، مامۆستای خانەنشینکراو و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری گیەڵان لە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٣وە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە درێژەکێشانی ماوەی دەسبەسەرکرانەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای کرماشاندا، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە تاکوو ئێستا تەنیا پێوەندییەکی کورتی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کاناڵی تێلێگرامی "خرداندیشان زاگروس" کە بەرپرسایەتییەکەی بە سەلمان ئۆلفەتی بووە، لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە لەبەردەست نەماوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بنەماڵەی ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕۆژی چوارشەممەوە ئاگادار بوونەتەوە کە ناوبراو بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دریژەکێشانی ماوەی دەسبەسەرکرانی، مانی لە خواردن گرتووە و ئیتلاعاتی سپا،  واژۆکردنی بەڵێننامەی نووسراو بۆ بەردەوامنەبوونی لە چالاکیی سیاسیی وەکوو مەرجی ئازادکردنی ناوبراو داناوە کر ئەمە لەلایەن سەلمان ئۆلفەتییەوە ڕەت کراوەتەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەم چالاکە مەدەنییەیان بە بێ بەڵگەی یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی گیەڵان دەسبەسەر کرد و بە مەبەستی پشکنین هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ١٤٠٢، سەلمان ئۆلفەتی بە هۆی ڕەخنەگرتن لە ڕێبەری حکوومەتی ئێران و بەرپرسانی حکوومەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان کرا.