سلێمانی؛ تێرۆری شوعەیب زارعی، پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە

22:39 - 26 رەشەمه 2723

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، شوعەیب زارعی، پێشمەرگە و کادری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە نزیک مەقەڕی ئەم حیزبە لە "زڕگوێز"، سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، تێرۆر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم کادرەی کۆمەڵە لەلایەن کەسێکی سەر بۆ کۆماری ئیسلامییەوە بە دەمانچە تەقە لە سەری کراوە و تێرۆر کراوە؛ بکوژەکە لە شاری پێنجوێن لەلایەن پۆلیسی ئەمنییەت/ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەسبەسەر کراوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، کۆماری ئیسلامیی بە بکەری ئەم تێرۆرە ناو بردووە و وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوەیە داوای لە دەزگا ئەمنییەتییەکان کردووە تاکوو پێش بە کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بگرن و لەم ڕاستایەدا هەنگاوی جیددی هەڵ بگرن.