گێرانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی "سلێمان شوکری" لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان

04:33 - 13 رەشەمه 2723

ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سلێمان شوکری یاسکەندی، لاوی تەمەن ٢٩ ساڵە خەڵکی بۆکان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە_حکوومەتییەکانەوە بە تەقەی گولـلەی چەکی تاپڕ لە سەر و دەمووچاوی و هەروەها لێدانی باتووم لە سەر و ملی بە سەختی بریندار کرابوو. ناوبراو سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی "قولی‌پوور"ی بۆکان و دواتر بەهۆی نالەباریی جەستەیی بۆ نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی ورمێ، گوێزرایەوە؛ بەڵام بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە پاش دوو ڕۆژ لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی ورمێ، گیانی لەدەست دا.

کوردپا کە بە شێوەی تایبەت باسی بریندار و کوژراوەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەڵگەمەند دەکات، ئەمجارە باس لە چۆنییەتیی قەتڵی حکوومەتیی "سلێمان شوکری" لاوی تەمەن ٢٩ ساڵەی خەڵکی بۆکان دەکات.

برینداربوونی سلێمان شوکری بە تەقەی چەکی تاپڕ لە سەر و دەمووچاو و دەست و لێدانی بە باتووم لە سەر و ملی؛

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپا؛ ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سلێمان شوکری لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی شاری بۆکان "نزدیک لە ساڵونی سیمورخ لە سەرەتای شەقامی ساحیلی، بەرانبەر بە کافەی کوڕی چاک"، بەهۆی تەقەی گولـلەی چەکی تاپڕ، لە سەر و دەمووچاو و هەروەها لێدانی بە باتوومی بەهێز لە سەر و ملی بە سەختی بریندار کرابوو.

گواستنەوەی خێرا بۆ نەخۆشخانەی بۆکان و دواتر بۆ نەخۆشخانەی ورمێ بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە دەڵێت؛ سلێمان شوکری دەسبەجێ پاش بریندارکرانی بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی "قولی‌پوور"ی بۆکان دەیگوازنەوە؛ دواتر و هەمان شەو بەهۆی نالەباریی دۆخی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی" لە شاری ورمێ دەیگوازنەوە. لە کۆتاییدا سلێمان شوکری بەهۆی خوێنبەربوونی زۆر و قورسیی برینەکانییەوە، کاژمێر نزدیک لە چواری ئێوارە، ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی ورمێ، گیانی لەدەست دا.

بارمتەگرتنی جەنازەی سلێمان شوکری لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە و لێسەندنی ٩٠ میلیۆن تمەن لە بنەماڵەکەی لەهەمبەر پێدانەوەی تەرمەکەی بە بنەماڵەی شوکری؛

پاش گیانلەدەستدانی سلێمان شوکری و گواستنەوەی جەنازەی بۆ پزیشكیی یاسایی، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە پزیشکیی یاسایی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ تەرمی ئەو هاووڵاتییە گیانلەدەستداوەیان بە بارمتە گرتبوو و بنەماڵەکەی ناچار بە دانی بڕە پارەیەکی نەختی، لەمەڕ پێدانەوەی تەرمی کوڕەکەیان کران.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو پەیوەندییەدا دەڵێت؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەکەیان ناچار کردبوو بە دانی بڕی ٩٠ میلیۆن تمەن بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەمەڕ دانەوەی تەرمی کوڕەکەیان.

هەروەها بەهۆی ئەوەیکە بنەماڵەی شوکری دەستکورت و باری ئابوورییان باش نەبووە، ئەو بڕە پارەیە لەلایەن هاووڵاتییانی خەڵکی بۆکانەوە کۆ کرابووە و ڕادەستی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کرا هەتا تەرمی کوڕەکەیان دانەوە.

ناشتنی تەرمی سلێمان شوکری لە نیوەشەودا، لەژێر چاوەدێریی توندی ئەمنییەتیی هێزە سەرکوتکەرەکان؛

گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی شەکەرەی پاش پێدانەوەی تەرمی کوڕەکەیان درێژەی هەبووە و سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە دەڵێت؛ تەرمی سلێمان شوکرییان بە ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووە، بەڵکوو کاتژمێر ١ی نیوەشەو، تەرمەکەیان لە پزیشکیی یاسایی ورمێ ڕادەستی بنەماڵەکەیان کردووە و کاتژمێر ٤ی بەیانی لە شاری بۆکان، ئەسپەردەی خاک کرا.

لە لایەکی دیکەوە ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەتا شاری بۆکان لەگەڵ بنەماڵەکەی هاتبووە و لە گۆڕستانی بۆکانیش هێزە ئەمنییەتییەکان جێگیر کرابوو و بنەماڵەکەی ناچار بوون کە لە کەشێکی زۆر توندی ئەمنییەتی تەرمی کوڕەکەیان ئەسپەردەی خاک بکەن. هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان تەنیا ئیزنی بە بنەماڵەکەی و چەند کەس لە خزم و کەسوکاری سلێمان شوکری دابوو لە ڕێوڕەسمی ناشتنی بەشدار بن.

ئامادەبوونی ڕێژەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی و پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سێیەم، حەوتوو و چلەی سلێمان شوکری؛

بنەماڵەی شوکری بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ناشتنی کوڕەکەیان لەژێر چاوەدێریی توندی ئەمنییەتی دابوون. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ئاماژەی بەوە کرد و دەڵێت؛ بنەماڵەکەی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان لە مزگەوتی "قوبا"ی بۆکان بەڕێوە بردبوو، بەڵام هەر لە سەرەتاوە هێزە ئەمنییەتییەکان وهێزە لیباس شەخسییەکان لە ناو مزگەوت و حەوشەی مزگەوتەکە بوون و دۆخەکەیان ئەمنییەتی کردبوو.

درێژەی گوشار و هەڕەشەکان بۆ سەر بنەماڵەی شوکری هەتا گەیشتە ئەو جێگایە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سێیەم، حەوتوو و چلەی سلێمان شوکری، پێشیان بە بنەماڵەی گرت. بەڵام سەرەڕای ئەوە خەڵکی بۆکان لەسەر گوڕی ئەو گیانلەدەستداوە ئامادە بوون و دروشمی ناڕەزایەتییان وەک "کوڕی ئاگر و خوێنم، تۆڵەی شەهید دەستێنم" و "دایە مەگری بۆ ڕۆڵە، بەڵێن دەدەم بستێنین تۆڵە"یان لە سەر گۆڕەکەی دا.

سلێمان شوکری؛

"سلێمان شوکری یاسکەندی"، کوڕی خاتوو "کوبڕا" و کاک "عوسمان"، لەدایکبووی ١٦ی بەفرانباری ساڵی ١٣٧٢ لە شاری بۆکان بووە.

ئامادە کردنی؛ ئەوین مستەفازادە