دۆسییەسازیی نوێ بۆ سوعدا خەدیرزادە بە فەرمانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و سەرەڕای ڕەتکرانەوەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە

23:12 - 16 رەشەمه 2723

سەرەڕای ئەوەیکە سزای بەندکرانی سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد بە تۆمەتی "هاوکاری لە کوشتن"، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کراوەتەوە، بەڵام بە فەرمانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، لە دادگای ئینقلابی میاندواودا دۆسییەیەکی نوێ بۆ تۆمەتی "هاوکاری لە کڕینی چەک"ی بۆ کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لەکاتێکدا کە سوعدا خەدیرزادە ٢ ساڵ و ٤ مانگ و ٢٣ ڕۆژ لە ماوەی سزاکەی خۆی لە بەندیخانە تێپەڕاندووە و لە تۆمەتی "هاوکاری لە کوشتنی" لە دیوانی باڵای وڵاتدا بێتاوان ناسراوە و مافی وەرگرتنی ئازادیی مەرجدار یان لانیکەم مورەخەسیی هەیە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە کردنەوەی دۆسییەیەکی نوێ بۆ ناوبراو لە داداگای میاندواو بۆ تۆمەتی "هاوکاری لە کڕینی چەک"، لە هەوڵی دۆسییەسازی بۆ ناوبراو و درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی خۆی و منداڵەکەی لە بەندیخانەدان.

ڕێبەندانی ١٤٠٢، دیوانی باڵای وڵات سزای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی سوعدا خەدیرزادە بە تۆمەتی "هاوکاری لە کوشتن"ی ڕەت کردەوە و بەم جۆرە تەنیا سزای دوو ساڵ و یەک ڕۆژ لە سزاکەی بە تۆمەتی "هاوکاریی هاوسەرەکەی بۆ هەڵهاتن" لە دۆسییەکەی دادگای ئینقلابدا مایەوە. سوعدا خەدیرزادە لە دادگای ئینقلابی پیرانشاریشدا بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دۆسییەیەکی تری هەیە کە بۆ ئەوەش بە ٤ ساڵ بەندکران سزا دراوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، پاش ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی سوعدا خەدیرزادە لە دیوانی باڵای وڵاتدا، بنەماڵەی سکاڵاکەرانی دۆسییەکەی کە لە ئەندامانی ئیتلاعاتن، دەسبەجێ بە مەبەستی مانەوەی سوعدا و کچەکەی لە بەندیخانەدا، دژی ئەم ژنە سکاڵایان تۆمار کردووە و بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دادگای میاندواو دۆسییەیەکی نوێیان بۆ کردووەتەوە.

پاش کردنەوەی دۆسییەی نوێ دژی سوعدا خەدیرزادە، یەکەمین کۆبوونەوەی دادگای میاندواو بە ئامادەبوونی سکاڵاکەرانی دۆسییەکە، سوعدا خەدیرزادە و کچەکەی بە تۆمەتی "هاوکاری لە کڕینی چەک"، لە ڕێبەندانی ١٤٠٢دا بەڕێوە چوو. کوردپا سەبارەت بە کۆبوونەوەی دادگاییەکەی سوعدا دەڵێ؛ دادگا بە بێڕێزی و هەڕەشەی زۆری بنەماڵەی سکاڵاکەر بەڕێوە چووە و تەنانەت یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سکاڵاکەر پەلاماری کچەکەی سوعدای داوە تاکوو شەقی لێ بدات کە هێزە ئەمنییەکانی دادگا پێشیان پێ گرتووە. هەروەها دادوەری دۆسییەکە لە وڵامی ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەرەکەی سوعدا بۆ کرانەوەی دۆسییەی نوێ دژی ئەم بەندکراوە سیاسییە وتوویەتی، دیوانی باڵای وڵات سزاکەی کەم کردبێتەوە یان نا ئەم ژنە سکاڵاکەری هەیە و تۆمەتبارە بە هاوکاریی هاوسەرەکەی بۆ کڕینی چەک.

ئێستا سوعدا خەدیرزادە چاوەڕیی دیاریکردنی سزای دۆسییە نوێیەکەی لە دادگای ئینقلابی میاندواوە. چارەنووسی سوعدا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ناوەندە ئەمنییەتییەکان ناڕوونە و تاکوو ئێستا لەگەڵ منداڵەکەی مافی وەرگرتنی یەک ڕۆژ مورەخەسیشیان نەبووە.

ڕۆژی ٣٠ی جۆزردانی ١٤٠٢، کوردپا؛ لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا، بەبۆنەی یەک ساڵەی لەدایکبوونی سۆلێنا، منداڵەکەی سوعدا خەدیرزادە لە بەندیخانەی ورمێ نووسیی: ئەو لەکاتێکدا پێی نایە یەکەمین ساڵی ژیانیەوە کە هێشتا ناسنامەی نییە و دایکی بۆ گەورەکردنی لە بەندیخانەی ورمێدا لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە، لەوانە دابینکردنی شیر و پۆشاک و هەڕەشەکان بۆ "لێئەستاندنەوەی منداڵەکە" و بە "تێرۆریست" و "داعش" بانگکردنی منداڵەکەی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە بەرەوڕوویە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، سوعدا خەدیرزادە سەرەڕای تێپەڕاندنی زیاتر لە ٢ ساڵ و چوار مانگ و ٢٣ ڕۆژ لە بەندکران لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەک تەنانەت مورەخەسیی منداڵبوون لە بەندیخانەی ورمێ بێبەری بووە. هەروەها منداڵەکەی لە کاتێکدا کە یەک ساڵ و ٩ مانگ و ١٥ تەمەنیەتی تاکوو ئێستا لە مافی هەبوونی ناسنامە بێبەری بووە. هەروها هیچکات ئیزنی پێ نەدراوە لەگەڵ دایکی سەردانی پزیشکی دەرەوەی بەندیخانە بکات و تەنیا لە ڕێبەندانی ١٤٠٢دا و لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگای میاندواو لەگەڵ دایکی بە دوو ماشین بۆ داداگا ڕاگوێزراون کە ئەوەش بۆ خستنە ژێر گوشاری سوعدا و هەڕەشە لە سوعدا لە ڕێگەی منداڵەکەیەوە لە دادگا لەلایەن سکاڵاکەرانی دۆسییەکەوە بووە.

لەلایەکی تریشەوە، گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ پێشگرتن لە وەرگرتنی مەرەخەسیی سوعدا خەدیرزادە سەرەڕای هەبوونی بارمتەی قورس و ڕازیبوونی دادگا تاکوو ئێستا درێژەی هەیە و ئیتلاعاتی پیرانشار پێشی بە ناردنی ناوبراو بۆ مورەخەسی گرتووە. سکاڵاکەرانی دۆسییەکەش هەڕەشەیان لێ کردووە کە لە ئەگەری هەر چەشنە مورەخەسییەکدا دەیکوژن و خوازیاری جێبەجێکرانی زۆرترین سزا بۆ ئەم ژنەن.

سوعدا خەدیرزادە کە ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ (ناڕوونە)، منداڵەکەی هێنایە دونیاوە، پاش یەک ڕۆژ لە نەشتەرگەرییەکەی، ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠١، ڕەوانەی بەندیاخنەی ورمێ کرایەوە.

چەند مانگ ناڕوونیی چارەنووسی سوعدا لە بەندیخانەی ورمێ، گوشاری بەردەوامی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و قەبووڵنەکردنی بارمتە و هێنانەوەی جۆراوجۆر بۆ پێشگرتن لە ئازادیی کاتی و مورەخەسیی ئەم ژنە، بووە هۆی ئەوەی کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ئاکامی گوشاری دەروونی، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژ و لەکاتێکدا کە بەندکراوانی دیکە لە خەودا بوون، بە کەڵکوەرگرتن لە لەچکەکەی خۆی، هەوڵی خۆکۆژی بدات کە بە هەوڵی بەندکراوانی دیکە لە مردن ڕزگاری بوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش هەوڵدان بۆ خۆکوژی، ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و ڕەتکردنەوەی هەواڵی خۆکوژییەکەی کرا و هەواڵدەریی "میزان"یش ڤیدیۆی دانپێدانانەکەی بڵاو کردەوە.

سوعدا خەدیرزادە، ڕۆژی ٦ی بانەمەڕی ١٤٠١، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەبڕین بە ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ، مانی لە خواردن گرت و پاش ١٢ ڕۆژ بە بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ بۆ ئازادیی کاتیی ناوبراو بە دانانی بارمتە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. پێشتریش ئەم ژنە لە دوو نامەدا داوای لە دادستانی پیرانشار کردبوو کە ماوەی دەسبەسەرکرانە کاتییەکەی بۆ دانانی بارمتە بگۆڕن، بەڵام دادستان و لێپرسی دۆسییەکەی دژایەتییان لەگەڵ کردبوو. سوعدا خەدیرزادە لە داواکارییەکەیدا ڕایگەایندبوو کە دۆخێ ناجێگیرە و بە هۆی دووگیانبوون، زەختی خوێن، کێشەی گورچیلە و دیسک و کێشەی دڵ و دەمار تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەی ئەستەمە.

١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢، سارا لارکمپ، پارێزەری مافی منداڵان لە  فراکسیۆنی SPDی  پارلەمانی ئاڵمان، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە فەیسبووکی خۆی، ڕایگەیاند کە کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەی "سۆلینا"ی، لە ئەستۆ گرتووە و لە نامەیەکدا بۆ باڵوێزخانەی ئێران لە ئاڵمان، بەنیسبەت دۆخی ئەوان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و خوازیاری ئازادییان لەو دۆخە نامرۆڤانەی بەندیخانەی ورمێ بووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لەدایکبووی ٣ی سەرماوەزی ١٣٦٨ـە و کاتێک کە تەمەنی ٩ ساڵ بووە، باوکی لەدەست داوە. دایکی سوعداش لە ساڵانی ڕابردوودا کۆچی دوایی کردووە و ناوبراو تەنیا سێ خوشکی هەن کە ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە. سوعدا خەدیرزادە بە هۆی هەژارییەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات.

ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازداە