بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان

19:12 - 15 رەشەمه 2723

عەبدوڵڵا ڕەهنەوەرد، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "گێلی کەران"،سەر بە شاری مەریوان، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٣ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانەکەی، هەروا دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٤٨ ساڵەیە لە ناوەندە دادوەری و ئەمنییەتییەکان، بەرپرسانی پێوەندیدار، لە پێدانەوەی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە دۆخی ئەم هاووڵاتییە خۆیان بواردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: عەبدوڵڵا ڕەهنەوەرد ڕۆژی شەممە، ٢١ی ڕێبەندان بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی سنە کراوە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.