بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دانا لەنجاوایی

11:47 - 14 رەشەمه 2723

دوو حەفتە بەسەر دەسەسەرکرانی دانا لەنجاوایی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریواندا تێدەپەرێت بەڵام ناوبراو هێشتا دەسبەسەرە و چارەنووسیشی نادیارە. ناڕوونیی چارەنووسی دانا، نیگەرانیی بنەماڵەی ناوبراوی لێ کەوتووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا پێوەندیی تلفۆنیی زۆر سنوورداری لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای وت؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دانا، نیگەرانییەکانی بنەماڵەی ناوبراوی سەبارەت بە چارەنووسی کوڕەکەیان زۆرتر کردووەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٢، دانا لەنجاوایی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، دانا لەنجاوایی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە ڕاگوێزرا و پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە دەرکردنی بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی یەک مانگە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی مەریوان گوازرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتی و هەوڵی دووبارە بۆ دەسبەسەرکردنی، ناچار بووە بە نهێنی بژیت.

دانا لەنجاوایی ساڵی ١٣٩١ پاش بەڕێوەبردنی مانگرتنی خوێندکارانی پەیام نووری مەریوان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی کورد، دەسبەسەر کرا و لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ٥٠ قامچی سزا دراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی مەریواندا لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کراوە.

دانا لەنجاوایی لە بواری مەدەنی، ژینگەپارێزی و ڕۆژنامەوانی چالاکیی هەبووە و یەکێک لە هەواڵنێرانی ئاژانسی هەواڵی موکریان بووە.