بەندیخانەی ورمێ؛ نایب حاجی‌زادە، بەندکراوی سیاسیی کورد مورەخەسیی دەرمانیی پێ درا

11:45 - 14 رەشەمه 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمە، نایب حاجی‌زادە، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، نێردرایە مورەخەسی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی مورەخەسیی دەرمانیی پێ دراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٩، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە هۆی هەبوونی پلاتین لە لاقیدا لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی بەندیخانە نەشتەرگەریی بۆ کرا و پلاتینەکە لە لاقی دەرهێنرا.

نایب حاجی‌زادە، کوڕی مەدەنی، خەڵکی گوندی "یەنگیجە"، سەر بە ورمێ، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەری هەمان ساڵ پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی ڕەانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام"، بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری سزا درا کە ئەم سزایە بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ سزای تەعزیری گۆڕدرا.